مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێكی سەركردایەتی و راوێژكاران چەند سەردانێك و بەسەركردنەوەیەكی كۆمەڵایەتی لە سنووری شاری هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا سەردانی مامۆستا مەلا تەیب مەلا عەبدوڵڵا بەحركەیی زانای ئاینی كرد و لەنزیكەوە لە تەندروستی بەرێزیانی پرسی و دوعای شیفا و چاككبوونەوەی بۆ خواست،
هەر لەدرێژەی سەردانەكەی ئەمینداری گشتی سەردانی شێخ عبدالكریمی مزگەوتی سەحابەی كرد و لەتەندروستی بەرێزیانی پرسی و لەخودای گەورە داواكاربوو كە مامۆستا شێخ عبدالكریم سەلامەت بكات.
دواتر سەردانی مامۆستا مەلا بەهائەدین شێخ ئەحمەدی خەتێی كرد، هەروەها دوعای تەمەن درێژی و تەندروستی باشی لە خوای گەورە بۆ خواست و ئاماژەی دا بەوەی كە مامۆستایان و زانایانی ئێمە خزمەتێكی زۆریان بە كۆمەڵگە و قوتابیانی مزگەوت كردووە و رۆڵی گرنگیان هەبووە لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنیان.
لەبەرامبەردا ئەو مامۆستایانە خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی ئەمینداری گشتی دەربڕی و هیوای تەمەن درێژیان بۆ خواست و ئاماژەیان دا بە رۆڵی ئەمینداری گشتی لەبڵاوكردنەوەی بیری میانەرەویی و ئیسلاحی كۆمەڵگە و لێكنزیك كردنەوەی لایەنەكان لەیەكتری و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی هەرێم .