هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو:پێویسته‌ پەلە بكرێت لە ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو:پێویسته‌ پەلە بكرێت لە ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری 28/8/2023 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا صلاح الدین محمد بها‌ءالدین ئەمینداری گشتی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا ..

لە سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی حزب و رایگەیاند سوپاس بۆ خودا كە كار و چالاكیەكان بەشێوەیەكی تۆكمە و لە چوارچێوەی بەرنامەی كاری ئەم خولە بەرێوەدەچێت و سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، لەو روانگەوە بەرێزیان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ئەنجومەن و دامەزراوە ودەزگا و مەڵبەندەكان كرد.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تیشكخرایە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و گۆرانكاری و پێشهاتەكان تاوتوێكران، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو نیگەرانی خۆی دووپاتكردەوە لە سەر دواكەوتنى بودجە و موچە كە دەبێ حكومەتی فیدراڵی پابەندیەكانی بەپێی یاسای بودجە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات، هەروەك جەختیكردەوە لەوەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان خەمی جدی بژێوی هاوڵاتیان و كەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی وەك كارەبا و ئاو و سوتەمەنی وخزمەتگوزاریەكانی تر بخوات.، بۆ ئازادیيە گشتیەكان بەتایبەت ئازادی رۆژنامەگەری، ئەنجومەنی جێبەجێكردن بە پێویستی زانی كە دەسەڵات و دەزگا پەیوەندیدارەكان رێگری بكەن لە پێشێلكاریەكان لەو بارەیەوە.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی كە هەرچی زووترە كۆتایی بهێندرێت بە ناكۆكیە ناوخۆییەكان كە بۆتە خاڵی لاوازی هەرێم و نێوماڵی كوردستانی رێكبخرێتەوەو پەلەش بكرێت لە ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد .