هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو:  پێویسته‌ كە لایەنەكانی دەسەڵات چیتر پێگەی سیاسی و دەستوری هەرێمی كوردستان نەكەنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندیە حیزبییەكانی خۆیان

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕووداو و پێشهاتەكان خرایە بەر باس و تاوتوێكردن.

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی وێرای نرخاندنی هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكگرتوو كە هەر لەسەرەتاوە ئەو بڕیارەیان ڕەتكردەوە و وەك یەكەم فراكسیۆن ڕاستەوخۆ دەست لە كاركێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە تایبەتی پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكان و ماددەی (140) كۆبونەوەی سەركردایەتی جەحتیكردەوە لەسەر ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كاردەكات بە ئاراستەی بەهێزكردنی پێگەی كورد و رێگرتن لە لاوازبوونی زیاتر لەو ناوچانەدا.

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان:

بسم الله الرحمن الرحیم

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕۆژی سێ شەممە 11/7/2023 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا صلاح الدین محمد بهاءالدين ئەمینداری گشتی و د. محەممەد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری كۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.

لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕووداو و پێشهاتەكان خرایە بەر باس و تاوتوێكردن، بە مەبەستی وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست و دەستنیشانكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی قۆناغەكە. سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی وێرای نرخاندنی هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكگرتوو كە هەر لەسەرەتاوە ئەو بڕیارەیان ڕەتكردەوە و وەك یەكەم فراكسیۆن ڕاستەوخۆ دەست لە كاركێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند، یەكگرتوو بە پێویستی دەزانێت كە لایەنەكانی دەسەڵات چیتر پێگەی سیاسی و دەستوری هەرێمی كوردستان نەكەنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندیە حیزبەكانی خۆیان و هەرچی زووترە ڕێك بكەون لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە زووترین دەرفەتدا بۆ چارەسەركردنی ئەو بۆشاییە دەستوورییەی رویكردۆتە هەرێمی كوردستان. لەو بارەیەوە كۆبونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەسەر هەڵوێستی ڕاگەیاندراوی خۆی كە یەكگرتوو كاردەكات بۆ پێكهێنانی چوارچێوەیەكی نیشتمانی لەگەڵ لایەنە نارازیەكان بەمەبەستی بەشداریەكی كارا و كاریگەر لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەكی ئامادە كردووە و ماوەیەكە دیالۆكی لە گەڵ گروپ و لایەنە ناڕازیەكانی دەرەوەی دەسەڵاتدا دەست پێكردووە .

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە تایبەتی پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكان و ماددەی (140) كۆبونەوەی سەركردایەتی جەحتیكردەوە لەسەر ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كاردەكات بە ئاراستەی بەهێزكردنی پێگەی كورد و رێگرتن لە لاوازبوونی زیاتر لەو ناوچانەدا.

سەبارەت بەو بێرێزی و سوكایەتیەی كە ناوە ناوە بە قورئانی پیرۆز و پیرۆزیە ئیسلامیەكان دەكرێت لە هەندێ وڵاتی رۆژئاوایی لە ژێر كاریگەری دیاردەی ئیسلامۆفۆبیاو بەناوی ئازادی بیرو ڕادەربڕینەوە، كۆبونەوەی سەركردایەتی وێرای ئیدانەكردن و رەتكردنەوەی ئەو جۆرە كردەوانە، جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە دەوڵەتە رۆژئاواییەكان لەو ڕاستیە تێبگەن كە سوكایەتیكردن بە پیرۆزیەكان بە گشتی و ئایینی ئیسلام بە تایبەتی بە هیچ شێوەیەك ناچێتە بازنەی ئازادی بیرورادەربڕین و گرنگە رێ و شوێنی یاسایی پێویست بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بونەوەی ئەو كردەوە نادروستانە بگرنە بەر. لە تەوەرێكی تردا ئەو جەدەل و قسەو باسەی كە ماوەیەكە گۆرەپانە ئاینیەكەی هەرێمی كوردستانی سەرقاڵ كردووە، بە هۆی ئەوەی كە هەندێ كەس تۆمەت و سوكایەتی بە پێشەوا ئاینی و مەزهەبیەكانی پێشینانی ئیسلام دەكەن، ئەنجومەنی سەركردایەتی هەموو ئەوجۆرە تۆمەت و سوكایەتیانە بە توندی ڕەتدەكاتەوە و داوا دەكات كە هەموو زانانیان و دڵسۆزانی ئاراستە جیاجیاكانی بانگەوازی ئیسلامی لە كوردستان كار و چالاكیەكانیان چڕبكەنەوە بە ئاراستەی هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی و بەرزكردنەوەی ئاستی دینداری دروست و میانە ڕەوانە، دوور لە هەموو جۆرە بیرو بۆچونێكی توند ڕەوی و دەمارگیری و یەكتر قبوڵ نەكردن، هەروەها كاری جدی بكەن لە پێناو بەهێزكردنی بەرگری كۆمەڵگەی كوردستانی بەرامبەر ئەو پیلان و هەوڵە تێكدەرانەی كە لە هەندێ ناوەندی دەرەكی و ناوخۆییەوە ئاراستە دەكرێت بۆ شێواندنی شوناسی ئەخلاقی و ئیسلامی گەلەكەمان و برەودان بە هەندێ رەوشتی دوور لە فیترەت و سروشتی خاوێنی مرۆڤایەتی . لە دوایین تەوەردا كۆبونەوەی سەركردایەتی كاروباری ناوخۆی حیزبی تاوتوێكرد و سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم ئۆرگانەكانی حیزب كرد كە لە ماوەی ڕابردودا كارو چالاكی نەوعی و بونیاتنەرانەیان ئەنجام داوە، هەروەها ڕێز و نرخاندی تایبەتی ئاراستەی سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد كە لەو ماوەیەدا ڕۆڵی كارایان گێرا لە پێناو بەرگریكردن لە ماف و شایستە داراییەكانی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان.

لە كۆتاییدا جارێكیتر كۆبونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەك هەمیشە مكوڕ دەبێت لەسەر ڕێباز و ستراتیژیەتی ئیسلاحیانەی خۆی بۆ بەرگریكردن و بە دەستهێنانی ماف و داخوازیەكانی خەڵكی كوردستان....

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

11-7-2023