شەوی ڕابردوو، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەمیانەی سەردانەكەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و ئەنجومەنی جێبەجێكردن، لەگەڵ ڕێكخستنەكانی برایانی هەڵەبجە و خورماڵ كۆبوویەوە و ڕایگەیاند: یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەجددی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش پۆلێك لە كاندیدی لێهاتوو و شارەزای هەڵبژاردووە.
ووتیشی: لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوو پۆلێك لە خوشك و برای بەتوانا لەم كاروانەدا پێكەوە كارمان كردووە و جێگەی شانازییە بە ڕووسووری بچیتە ناو خەڵك و كەس نەبێت پێت بڵێت كوڕی منت داوە بە كوشت یان زوڵمت لەمن كردووە، بە پێچەوانەوە ئێمە بووینەتە بەخێوكاری یەتیمان و پەروەردەی تاكەكان.. ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگ و نیعمەتێكی زۆر گەورەیە و شایانی ئەوەیە شوكرانەبژێری بكەین.
لەكۆتایی وتەكانی دا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستەسەر ئەو تێگەیشتنە هاوبەشەی ئەندامانی یەكگرتوو كە هەڵگۆزراوی بەرنامەی پیرۆزی ئیسلامە لە دیاریكردنی ئاڕاستەی دروست بۆ كاروچالاكیان و پاراستنی ڕاستگۆیانەی یەكگرتوو لەسەرجەم قۆناغەكاندا كە یەكگرتووەكان بە هەڵە هەنگاویان نەناوە و سەریان لێ نەشێواوە، چونكە یەكگرتووی ئیسلامیی پەروەردەی كردووەتە بناغەی چاككردن و گۆڕینی واقع لەسەرجەم قۆناغەكاندا.