Copyright ©2024 yakgrtw.net All rights reserved
x

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: خوازیارین هاوڵاتیان خۆڕاگربن و بەترساندن و تۆقاندن لە پرۆسەی دەنگدان سارد نەبنەوە

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٨/١٠/٢٠٢٤، بەرێز مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە دیدارێكیدا لەگەڵ رێكخستنەكانی یەكگرتووی خوشكان لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم جارە تەواو جیاوازە و گرنگییەکەی لەوەدایە كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی دەكات و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن كەوا ڕێگری لەساختەكاری بكرێت، دەسەڵات هەوڵی ترساندن و تۆقاندن دەدات بۆیە خوازیارین هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان خۆڕاگربن و بەترساندن و تۆقاندن لە پرۆسەی دەنگدان سارد نەبنەوە.
 
لەبەشێكی تری وتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا، خوشكان لە پێشەنگی كاروانی یەكگرتوو بوون و بەكردار شان بەشانی براكانیان لەسەرجەم ئۆرگانەكاندا ڕۆڵی كاریگەریان بینیوە.
هەر ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕوونیكردەوە: لەگەڵ ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ڕێكخراوی گەشەپێدانیش ڕاگەیەندرا و لەو دەمەوە تاوەكو ئێستا ڕێكخراوی ناوبراو پرۆژەیەكی گرنگی زانستی و پەروەردەیی بووە و ڕۆڵی كاریگەریان لە پەروەردەكردنی گەنجان و لاواندا بینیوە و لەسەرجەم قۆناغەكاندا هاوشان و هاوخەباتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بوون، ئەمەش جێگای ڕێز و پێزانینە.
لەكۆتایی وتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەخۆڕاگری و گیان فیدایی مسوڵمانانی غەززە و سەركردەكانیان كرد و جەختیشی كردەوە بەشەهیدبوونی چەندین سەركردە و هەزاران ژن و منداڵی بێتاوان بەڵام سەربەرزانە و بوێرانە ڕووبەرووی هێزە داگیركەرەكەی زایۆنی دەبنەوە و ئومێد دەبەخشنەوە و گیانیان فیدا دەكەن.