بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمنیداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەشاری سلێمانی لەمیانەی بەڕێوەچونی مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ چەند زاناو مامۆستایەك لەمیحراب و مینبەرەكانی كوردستان كە دەزگای زانایان و زانستە شەرعیەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان سازی كردبوو، ڕایگەیاند: لەڕابردو و ئێستاشدا مامۆستایانی ئێمە تەماشاكار نەبون كە لەدورەوە سەیری ڕوداو گۆڕانكاری و كێشەكان بكەن و ئەگەر ڕەخنەیەك هەبوو بیگرن و ئەگەرنا ویڵی بكەن، بەڵكو ڕۆڵی گرنگ و كاریگەریان لەسەرجەم بوارەكانی ژیانی هاوڵاتیاندا هەبووە، بۆیە سەحوەی ئیسلامیی قەرزاری زانایانی ئیسلامە كە بنیاتنەری كارەكەن و جێی خۆشیەتی ئەم داهێنانە جوانەی دەزگای زانایان بنرخێندرێت كە ڕێزلێنانی بەخشیە مامۆستایان كە عەمودی فەقەری كاری پەروەردەو پەیامدارین.
لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا، ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو جەختی كردەوە: بەندە لەبواری ئەركەكەی خۆمدا سوپاس گوزاری زانایانم كە هەمیشە كارگیڕی ئەركەكەبوون و كارەكانیان ڕێكخستوەو داهێنانیان تێدا كردوەو دەیان وەجبە لە مامۆستایان لەسەر دەستی زانایانی ئێمە مۆڵەتیان پێدراوە، ئەوە شانازییەكی گەورەیە بۆ هەمووان و بۆ گەلەكەمان لەكاتێكدا خەریك بوو حوجرەكان ببنە ئاسەوارو ئەمە جیهادێكی گەورەیەو هەموومان تەمەنی خۆمان لەخزمەتی بەڕێدەكەین.
لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا، ئەمنیداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند: زانایانی ئێمە كە لەگەڵ سەردەمدا خۆیان گونجاندوەو توانیویانە هاوشانی مزگەوت و حوجرەكان سود لە دەزگا ڕاگەیاندنەكان و سوشیال میدیا وەربگرن و ئەوەش بایەخ و بەهای خۆی هەیەو لەو ڕێگەیەوە زیاترو باشتر پەیامی خوایی دەگاتە سەرجەم ماڵ و كوچەو كۆڵانەكانی هەرێمی كوردستان و بابەتە دینی و نیشتیمانیەكان لەو ڕێگەیەوە لەپەروەردەو تاك و خێزان كاری خۆی دەكات و ئامانج دەپێكێت كە لەئەنجامدا هەمووان سود لەو ئەزمونە وەردەگرن و ئەوانەی گوێڕایەڵی زانایانی ئاینی بن باشتر دەتوانن خێزانێكی تۆكمەو ژیانێكی ئاسوودە بۆ خۆیان و چواردەورەكانیان پێك بهێنن.
شایانی باسە، لەم مەراسیمەدا دەزگای زانایان و زانستە شەرعیەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشییە پۆلێك لەزانایانی خانەنشین كە زیاد لە 50 ساڵی تەمەنیان لەخزمەتی میحراب و مینبەرو بانگەوازدا بوون.