Copyright ©2024 yakgrtw.net All rights reserved
x

مه‌ڵبه‌ندی (5)ی هه‌ڵه‌بجه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردەوە

ڕاگەیانراوی مەڵبەندی(5)ی هەڵەبجەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

تایبەت بە ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە 16-3-1988

بەڕێزان:

- جەماوەری سەربەرزی كوردستان

- خەڵكی ئاینپەروەرو هیمەت بەرزی پارێزگای هەڵەبجە

- دۆستان و خەمخۆرو ئازادیخوازانی میللەتی كورد لە هەموو جیهان .

لەگەڵ نزیك بونەوەمان لە دەستپێكی وەرزی بەهار جارێكی تر لەبەردەم كارەساتی ( 16-3-1988 )دا ڕادەوەستینەوە ، كەساڵڕۆژی ئەمجارە هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵكوژی شاری غەززە و گەلی فەلەستین.

كەبكەری هەردوو كۆمەلكوژییەكە سەربەیەك قوتابخانەی فكرین و بێجگە لە پاكتاوی جەستەیی و شەهیدكردنی ژن ومناڵ و پیروپەككەوتە و برینداركردن و كاولكاری و ئاوارەكردن هیچی تریان لێ‌ چاوەڕوان ناكرێت .

ئێمە لە مەڵبەندی(5)ی هەڵەبجەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا لەبەردەم قاپی ڕەیاندا دەپاڕێینەوە خوای گەورە لەشەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە خۆش ببێت و ڕوحیان شاد بكات و سەبوری بە دڵ ودەروونی كەسوكاریان بدات و شیفا بە بەبرینداریان ببەخشێ‌.

بەڕێزان :

هەقی خۆیەتی پاش تێپەڕبوونی (36) ساڵ بەسەر جینۆسایدی شاری هەڵەبجەدا جەخت لەسەرچەند ڕاستیەك بكەینەوە:

• تا ئەم ساتەوەختە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان مامەڵەی حزبی لەگەڵ كارەساتی هەڵەبجە دا دەكەن ، نەیانتوانیوە هەڵەبجە بخەنە دەرەوەی ململانێ حزبیەكان و بەردەوام لەنێوبەرداشی ئەم دوو هێزەدا خۆی بینیوەتەوە .

• تا ئەم ساتە وەختە حكومەتی عیراقی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان سست و كەمتەرخەمن لە جێبەجێكردنی تەواوی ئەوبڕیارانەی تایبەت بە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە دراون لەسەرووی هەموشیانەوە دواخستنی دەرچواندنی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە.

• تائەم ساتەوەختە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان ئاهێك بەدڵیاندا نەهاتووە و بریندارەكانیشی بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە .

• تائەم ساتەوەختە دۆسیەی مناڵە وونبوەكانی هەڵەبجە وەك برینێكی خوێن لێ‌ چۆڕاو بەكراوەیی ماوەتەوە وئاسۆیی ڕوون بۆ ئەم كەیسە بەدی ناكرێت.

• تا ئەم ساتە وەختە جێگەدەستی ئاوەدانی و خزمەتی ڕێكخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان و كەسایەتیە خێرخوازەكان زۆر زیاترە لەوەی كە حكومەتی هەرێم بۆ ئەم شارەی كردبێ‌.

• چارەسەری ڕیشەیی بۆ بێباكی و بێنازی هەڵەبجە تەنها خۆی لە سزادانی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەدا دەبینێتەوە كەدەنگدەرانی خەڵكی هەڵەبجە لە ڕۆژی دەنگدان دەتوانن تۆماری بكەن هەربۆیە خوازیارین خەڵكی هەڵەبجە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان بە گەرموگوڕی و حەماسەوە ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و بەویژدانێكی دادگەرانەوە نوێنەرانی ڕلستگۆو دڵسۆزو بەئەزموون هەڵبژێرن كە خزمەتەكانیان لە ئێستادا شایەتی بۆ شیاوی وشایستەییان دەدات.

لەكۆتاییدا ئەوە دوپاتدەكەینەوە كە خەڵكی هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور پێویستی بە هەنگاوی كرداری و خزمەتی فیعلی و تەواو كردنی ئەو پڕۆژانە هەیە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە یاخود بەڵێنی كردنیان دراوە

وە ك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كاریگەرو سەرەكیش لە پارێزگای هەڵەبجە بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی خۆمان دەزانین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە بەرز ڕابگرین و بەشداردەبین لە هەر هەنگاوێكدا بۆنەكە بە زیندوویی بهێڵێتەوە و دەستی حزبی لە پشتەوە نەبێت .

خوای گەورە ڕوحی شەهیدانی هەڵەبجە بە بەهەشتی خۆی شاد بكات

ئومێدی چاكبونەوە بۆ بریندارەكانمان دەخواین

خوازیارین مرۆڤایەتی بەدوور بێت لە كارەساتی هاوشێوەی هەڵەبجە

مەڵبەندی(5)ی هەڵەبجە

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

2024-3-16