Copyright ©2024 yakgrtw.net All rights reserved
x

بەبۆنەی (36)هەمین ساڵیادی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

بەبۆنەی (16) ی ئازارو یادی كارەساتی كیمیاباران كردنی شاری هەڵەبجە ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە :

بەیاننامەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ...

بسم الله الرحمن الرحیم

[إِلَّا الَّذینَ أمَنُوا ۆعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ۆذكَرُوا اللَّهَ كَثیرًا ۆانْتَصَرُوا مِنْ بَعْدِ مَا ڤُلِمُوا ۆسَێعْڵمُ الَّذینَ ڤَڵمُوا أَیَّ مُنْقَڵبٍ ێنْقَلِبُونَ] الشعرا‌ء/227

هەموو ساڵێك لە (16) ی ئازاردا برینی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، كە ستەمێكی لەبیرنەكراوی ڕژێمی بەعس بوو، لەگەڵ برینەكانی تری مانگی ئازار دێنەوە سوێ.

حزبەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان پاش تێپەڕینی سێ دەیەی حوكمڕانییان نەك هەر نەیانتوانی ئازاری ئەو برینە لەسەر هەڵەبجەییەكان و خەڵكی كوردستان سووك بكەن، بەڵكو چەندین برینی تریان هێنایە كایەوەو باری مەینەتی هاوڵاتیانیان قورستر كردو خۆشبەختی هاوڵاتیانیان كردە قوربانی سیاساتی هەڵەو ململانێی نادروستی نێوان خۆیان و ئیدارەی ناكاراو قۆرخكاری ئابووری و پەیوەندی گوماناوی و پلان و ڕێكاری جۆراوجۆری ناشەفاف و نادروست و فەلەجكردنی پەرلەمان و لەبیرخۆبردنەوەی دانانی بودجەو وەستاندنی تەواوی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، تا كار گەیشتە دەستوەردانە قووت و بژێویی هاوڵاتیان و بڕینی مووچەو ... تاد، لە كاتێكدا كە بانكەكانی خۆیان بە داهاتی ئەم هەرێمە پڕ دەكرێن لە دینارو دۆلارو لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا ژیان بەسەر دەبەن.

خەڵكی بەشمەینەتی كوردستانیش لە كاتێكدا یادی (16/3) دەكەنەوە كە هەر جارە بە پاساوێك لەمپەر لەبەردەم دابەشكردنی مووچەدا دروست دەكرێت و بازاڕو كاروكاسپیان دەوەستێت و بەهۆی ناكارایی بەرپرسانەوە نەتوانراوە چارەسەری گرفتەكانی نێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم بكرێت.

بۆیە ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داواكارین واز لەم ستەمە تازەیەو لەم یاریكردنە بە ماف و بژێوی خەڵكی كوردستان بهێنرێت و پێداویستییەكانی ڕێكخستنی لیستی مووچە تەواو بكرێن و نەهاتنی مووچەی دەزگا سەربازی و ئاسایشییەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەكرێتە پاساوی دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی و لیستەكانی ئەوانیش ئامادە بكرێن و ئەم ستەمە لەم ڕەمەزانەدا لەسەر تەواوی هاوڵاتیان هەڵگیرێت.

هەروەك داواكارین كە خەڵكی كوردستان نەكەونە ژێر كاریگەری ئەو پیلانە دۆزەخییەی كە دەخوازێت لە پرۆسەی سیاسی بێ هیوا بكرێن و لە بەشداری هەڵبژاردن سارد بكرێنەوە، بەڵكو پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانە بە گەرموگوڕی لە (10/6) ی داهاتوو بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و ببنە پشتیوانی پرۆژەی چاكسازی ڕیشەیی لە حكومڕانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان