Copyright ©2024 yakgrtw.net All rights reserved
x

"دەبێت حكومەت لەهەوڵی چەسپاندنی هەڵەبجەدا بێت وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق"

مەڵبەندی(5)ی هەڵەبجەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان تایبەت بە كارەساتی 16-3-1988 پەیامێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند: داوا دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێندەی سەردان و دانیشتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عیراق لەسەر دۆسیەی بودجە و مووچە بۆ یەك ساڵ بە و هێندەش لەهەوڵی چەسپاندننی هەڵەبجەدا بێت وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق كەپەیوەندی بە كێشەو شایستە مادی و مەعنەوییەكانی پارێزگاكەوە هەیە.

دەقی پەیامەكە:
ڕاگەیانراوی مەڵبەندی(5)ی هەڵەبجەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان تایبەت بە كارەساتی 16-3-1988

بەڕێزان: جەماوەری سەربەرزی كوردستان
بەڕێزان: خەڵكی سەربەرزو هیمەت بەرزی پارێزگاری هەڵەبجە

ئەمڕۆ پێكەوە یادی سی وسێ ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی شارەكەمان دەكەینەوە ، ئەمڕۆ ڕووی نیازمەندی و ئیرادەی مرۆڤایەتی هەڵدەماڵین كە لە 16-3-1988 دەرهەق بە خاك و خەڵك و زیندەوەرانی هەڵەبجەو هەورامان وشارەزوور هەیان بوو ، ئەمڕۆ یادی بەرپرسیاریەتی ئەو مرۆڤانە دەكەینەوە كە قەرەوڵیان لە گیانی خەڵكی ئەم شارە گرتبوو . ویستی شەڕەنگێزیان ئەوەی دەخواست هەناسە لەم شارە ببڕن ، بەڵام ویستەكەیان نەزۆك دەرچوو تاڕۆژی قیامەتیش هەرنەزۆك دەبێت .
خۆشەویستان :
ئێمە پێمانوایە شەهیدبوونی (5000)پێنج هەزار هاووڵاتی لە ژن وپیاوو مناڵ نوێنەرایتی خویًَنی ئەم شارە دەكەن و زامی بریندارانی ئەم كارەساتە بە زامی ساڕێژ نەبووی جەستەی ئەم شارە دەزانین ، كاولكردنی یەك ماڵی هەڵەبجەش بە خاپوركرنی یەك بەیەكی ماڵی دانیشتوانەی دەبینین لەم سۆنگەیەوە :
داوا دەكەین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێندەی سەردان و دانیشتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عیراق لەسەر دۆسیەی بودجە و مووچە بۆ یەك ساڵ بە و هێندەش لەهەوڵی چەسپاندننی هەڵەبجەدا بێت وەك نۆزدەهەمین پارێزگای عیراق كەپەیوەندی بە كێشەو شایستە مادی و مەعنەوییەكانی پارێزگاكەوە هەیە.
داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندنی پڕۆژەكانی لە بۆنەی شانزەی سێدا بۆ ئەم شارە وەك ئەركی كەڵەكەبوو وجێبەجێنەكراوی خۆی لێی بڕوانێ نەك وەك دەستكەوتوو و منەت كردن .
داواكارین لەوەزارەتی تەندروستی لە ڕێگەی نەخۆشخانەی كیمیابارانی هەڵەبجەوە بەئەركی پیشەیی خۆی هەڵبسێت و ئێش و ئازاری بەركەوتوانی كیمیایی ئەم شارە كەم بكاتەوە و ڕێگای دوور بۆ خانەوادەكانیان نزیك بكاتەوە نەوەك تەنها ناوێك بێتو بەس ئەمەش بەدابینكردنی پزیشكی پسپۆرو ستافی تایبەتمەند دەكرێ .
داواكارین لە ناو دامودەزگاكانی ئەم شارەدا حزبایەتی قەدەغە و بنبڕبكرێ و هەلی كار بەیەكسانی بۆ هاووڵاتیان بەگشتی و بۆ گەنجان و لاوان بەتایبەتی بڕەخسێنرێ .

لە كۆتاییدا دەخوازین مرۆڤایەتی بەدوور بێت لە كارەساتی هاوشێوەی كارەساتی هەڵەبجە
دەپاڕێینەوە لە خوای گەورە شەهیدانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و شیفا بۆ بریندار و بەركەوتوانمان بنێرێ

مەڵبەندی(5)ی هەڵەبجە- یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
16/3/2021