Copyright ©2024 yakgrtw.net All rights reserved
x

دامەزراوەی راگەیاندن هونەری یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان یادی (120) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆز دەكات

 

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەبۆنەی یادی دەرچونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی ،كە ڕۆژنامەی ( كوردستان)ە، لەلایەن میقدادمەدحەت بەدرخانەوە، جوانترین پیرۆزبایی پێشكەشی ڕۆژنامەنوسان ومیدیاكاران و ڕۆشنبیرانی كورد بەتایبەتی و گەلی كوردمان بەگشتی دەكەین.ئومێدی گەشەكردنی زیاتر بۆ ئەم كاروانە دەخوازین.

پێش 120 ساڵ ولەڕۆژانێكی وادا بنەماڵەی سەربەرزو تێكۆشەری بەدرخانیەكان،سەرباری هەموو ئاستەنگ و ڕێگرییەكان،توانییان ئاڵای شۆڕشێكی ڕۆشنبیریی نوێ لەدەرەوەی كوردستان،بۆخزمەتی گەلەكەیان هەڵكەن و بەگەلانی دراوسێ و دونیا بڵێن ، ئێمەش مافی خۆمانە ڕۆژنامە وەك ئامرازێكی شارستانی و هێزێكی نەرم بەكاربێنین بۆ هۆشیاركردنەوەی گەلەكەمان و ئاشناكردنی بەبنەماكانی پێشكەوتن و ڕزگاریی و بەدەسهێنانی مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەمان و پاراستنی یەكڕیزی و بایەخدان بە زانست و زانیاری وەك فاكتەرێك بۆ پێشكەوتن. هیوادارین ڕۆژنامەگەریی ومیدیای كوردی وكوردستانی ، پابەندی ئەو پرنسیپ و بنەما و ڕەسەنایەتیە بێت ، كەلە پەیام وناوەرۆكی ((كوردستان))دا ڕەنگی دابووەوە.

هەرلەم یادەشكۆداروپرشنگدارەدا، بەپێویستی دەزانین كه جەخت لەسەر ڕێزگرتنی ئازادیەكان بەگشتی و ئازادی مێدیاو ڕۆژنامەگەریی بەتایبەتی بكەینەوە،كە چاودێرو هۆكارێكی سەردەمیانەی گرنگە، بۆ ئیسڵاح و بۆ هۆشیاركردنەوەی جەماوەرو لەهەمان كاتدا بۆ گەشەپێدانی ئەزمونی حوكمڕانیمان..
جێی خۆیەتی لەم هەلومەرجەشدا داوا لە رۆژنامەنوسان و دەزگا میدیاییەكان بكەین كە بانگەشەیەكی سەردەمیانەی هەڵبژاردنەكان بكەن و دوركەونەوە لە زمانی تەشهیر و ناوزراندن و هانی هاوڵاتیان بدەن بۆ بەشداریەكی گەرم و گور لە پرۆسەی دەنگدان و دیاریكردنی نوێنەرانیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەكۆتاییدا جارێكی دیكەش یادی 120 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی(كوردستان) ی نۆبەرە، لەتێكرای ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندكارانی كورد پیرۆز دەكەم .

دامەزراوەی راگەیاندن و هونەری
یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان
21ی نیسانی 2018