هەواڵ و چالاکی مەڵبەندەکان

دەزگای ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی یەکگرتوو سەبارەت بە مووچە راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

دەزگای ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی یەکگرتوو سەبارەت بە مووچە راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

 

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
{لا یحب الله الجهر بالسوء من القول ٳلا من ظلم و كان الله سمیعا علیما}
جەماوەری سەربڵندی کوردستان
فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
سەرباری لەرزۆکبوونی دیموکراسیەت و لەبەریەکهەڵوەشان و لاوازکردنی دەمەزراوەکانی حکومەت و بوونی قەیرانە قوڵەکانی حوکمڕانی و چارەسەرنەکردنی کێشە هەڵپەسێرراوەکانی هەرێم و بەغدا بەگشتی و بەتایبەت ماددەی ۱٤۰ی دەستوور و مەسەلەی موچە و بودجەی ئەم هەرێمە..
فەرمانبەران بە گشتی و مامۆستایان و تەندروستکاران بەتایبەتی دووچاری دۆخێکی ناسەقامگیر بوونەتەوەو دووساڵە شایستە داراییەکانیان دەستی بۆ براوەو دوور لەیاسا و ڕێسا کارپێکراوەکان قوتیان بڕدرا و هەر مانگە و بە بیانویەکەوە چارەکە موچەکەشیان پێ ڕەوا نەبینراو لەکات و ساتی خۆیدا دابەشنەدەکرا، ئەمەش حاڵەتێکی دەروونی هێجگار نالەبار و ناسازی بۆخەڵک دروستکردووەو سترێسێکی بۆ ژیانی هاوڵاتیان خولقاند ..
لەئاکامی گفتوگۆکان و وەعد و بەڵێنە بەردەوامەکانی عەبادی هیوایەک گەڕایەوە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱٨ کۆتایی بەنەهامەتی موچەخۆران بێت و دامەزراوە پەروەردەیی و تەندروستیەکان بتوانن بە ئەرکانیان ڕابگەن، بەڵام بەداخەوە لە صەفقەیەکی ژێر بەژێر و لەیاریەکی مەترسیداردا هەردوو حکومەتی بازرگان سیفەت ستەمکارییەکی نوێیان تۆمار کرد، ئەگەر چی وەزارەتی دارایی ناردنی ئەوبڕەپارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە بەدەستپێکێکی ئەرێنی ناو دەبات لە ڕاستیدا دەستپێک و سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ صەفقە سیاسیە مەترسیدارەکانی نێوان هەردوو حکومەتی خۆویست و خەڵک نەویستی ناوەند و هەرێم..
بۆیە جێگای خۆیەتی هەموو فەرمانبەران بە سەرجەم چین و توێژەکانیانەوە هەڵوێستی مەدەنی و هەنگاوی کاریگەر هەڵگرن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمکارییە..
ئێمەش لە دەزگای ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی یەکگرتوو ئەم هەنگاوە بەهەنگاوێکی ناڕەوا دەبینین و ڕەتکردنەوەی بەئەرکی هەموولا دەبینین، وە داواکارین ئەندامانمان لەدەستە پیشەیی و ئەنجومەنە باڵاکانمان بەشداری کاراو کاریگەر بکەن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕەتکرنەوەی ستەمکاریەکە..
سەربەرزی بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، ژیانێکی شایستەتر بۆ فەرمانبەران و موچەخۆرانی ستەملێکراو.

 
دەزگای ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
۲۰۱٨/۳/۱۹