هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

فراكسیۆنەكانى ( یەكگرتوو ، كۆمەڵ، بزوتنەوە)، ئیدانەی دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی كورد دەكەن لە باكور

فراكسیۆنەكانى ( یەكگرتوو ، كۆمەڵ، بزوتنەوە)، ئیدانەی دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی كورد دەكەن لە باكور

لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەر سێ فراكسیۆنی ( یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی ، بزوتنەوەی ئیسلامی) لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنن ، دەستگیركردنی نوێنەرانی گەل لە باكور ئیدانە و شەرمەزار دەكەین و داواش لە حكومەتی توركیا دەكەن كۆتایی بەو پرۆسانە بهێنێت.


لە بەیاننامەكەدا هاتووە "دەستبردن بۆ دەستگیركردنی نوێنەرانی گەل لە باكوری كوردستان و سەرۆك شاروانیەكان كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا متمانەیان پێ بەخشراوە، جارێكی دیكە دۆزی كورد لە باكور بەرەو ئاڵۆزبوون دەباتەوە كە حزمەت بەهیچ لایەك ناكات و هەڕەشەیەكی جدیە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە چەند ساڵی دواییدا بەدەست هاتوون".


دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی هاوبەشی هەر سێ فراكسیۆنی ( یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی ، بزوتنەوەی ئیسلامی) لە پەرلەمانی كوردستان.

بەداخەوە ماوەیەكە ئومێدەكانی پێكەوە ژیان و ئاشتی لە باكوری كوردستان لەمپەر و گرفتیان بۆ دروست دەكرێت و ڕۆژ لەوای ڕۆژ لە بری لۆژیكی گفتوگۆ و ئاشتی پەنا بۆ توندوتیژی و هەوڵی سڕینەو دەدرێت لە لایەن حكومەتی توركیا .


دواجار دەستبردن بۆ دەستگیركردنی نوێنەرانی گەل لە باكوری كوردستان و سەرۆك شاروانیەكان كە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا متمانەیان پێ بەخشراوە، جارێكی دیكە دۆزی كورد لە باكور بەرەو ئاڵۆزبوون دەباتەوە كە حزمەت بەهیچ لایەك ناكات و هەڕەشەیەكی جدیە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە چەند ساڵی دواییدا بەدەست هاتوون.


دەستگیركردن و ڕاوەدونانی پەرلەمانتارانی باكور نیگەرانی كردین و ئیدانە و شەرمەزاری دەكەین، ئومێد دەكەین،لەمەو بەدوا هەموو لایەك كار بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە بكەن و لەكاتێكدا دۆخی ناوچەكە تەواو ئاڵۆز بووە ئەم جۆرە كردەوانە خزمەت بە ئاشتی و پێكەوە ژیان ناكات لە توركیا و پێویستە حكومەتی توركیا لە ڕێگەی بەگەرخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی كێشەكان چارەسەر بكات.

 

4/11/2016

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی
فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی