
فراكسیۆنی یەكگرتوو داوا دەكات حكومەتی هەرێم هەڵمەتی بنەبڕكردنی دیاردەی چەكداری رابگەیەنێت
رێزگرتنی هەر گەلێك لە توانا زانستی و پیشەییەكانی خۆی نیشانەی هۆشیاری و بەرەو پێش چوونە، پیشەی پزیشكی و تەندروستی كە سەرمایەیەكی نیشتیمانی گرنە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی كۆمەڵگا و پارێزگاری لێكردنیان ئەركیكَی ئایینی و ئینسانی و نیشتیمانیە، بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە توندی ئیدانەی ئەو كارە قێزەونە دەكەین كە لە بەرواری 3/12/2018 بەرامبەر پرۆفیسۆر (د. كمال أحمد سعید) كرا، كە لە كاتی بەجێ هێنانی ئەركی پیرۆزی تەندروستی لە لایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێكرا و بە سەختی بریندار كرا، بە مەبەستی دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوی نەخوازراوی لەم جۆرە:
1. ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو داواكارین حكومەتی هەرێم هەڵمەتی بنەبڕكردنی دیاردەی چەكداری رابگەیەنێت و سوربێت لەسەر جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكانی هەرێم لەو بارەیەوە.
2. داواكارین هەندێ دەزگای راگەیاندن پیشەیی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ كەیسەكاندا بكەن و چیتر پیشەی پزیشكی و تەندروستی وەك بازرگانی كردن نیشان نەدەن تا شكۆی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بەرز رابگیرێت.
3. ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان هەوڵ دەدەین لە داهاتوودا رۆژی رووداوەكە بە پڕۆژە یاسا یخەینە بەردەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی 3-12بكرێتە رۆژی هەڵمەتی پشتگیری كردن لە سێكتەری تەندروستی و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی .
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی
لە پەرلەمانی كوردستان
4/12/2018