
سهبارهت به خۆپیشاندانهكان و داواكاری مووچهخۆرانی ههرێم، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان داوایهك له ههردوو وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دهكات.
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو داوا دەکەین هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی یاسایی بگرنە بەر بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکارانەی کە لە دوێنێوە بەرامبەر مامۆستا و فەرمانبەران دەکرێت لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکاندا، کە بەداخەوە بەشێک لە هێزە ئەمنیەکان کەرامەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕۆژنامەنوسانیان شکاندوە نمونەش لێدانی ئەو مامۆستایەی هەولێر و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان.
بۆیە ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر دەکەین، ئەو ڕێکارانەی کە بەڵێنیان داوە بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە سوکایەتیان بە موچەخۆران کردووە، ئەگەر نا ئێمە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر گەڕانەوەی شکۆ بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران.
فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان
26-3-2018