هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان

بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان

 

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا قسەی زۆر لە بارەی بابەتی خانەنشینی پلەتایبەتەکان و خانەنشینی مەدەنی کرا، ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە پێویستمان زانی لەم ڕوونکردنەوەیەدا هەڵوێست و کارکردنمان لەسەر بەرکارکردنی یاسای ژمارە ۹ی ساڵی 2014 خانەنشینی یەکگرتووی عێراق بۆ ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان بخەینە ڕوو کە ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:


یەکەم: بە جەماوەری کوردستان ڕادەگەیەنین کە ئیمه له فراکسیۆنی یەکگرتوو له بەرواری 22/2/2018 بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆن داوای بەرکارکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقمان کردوە لە هەرێمی کوردستان، لێرەشەوە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لە نزیکترین کۆبونەوە بیخاتە بەرنامەی کاری دانیشتن بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و کەمترین خانەنشینی ببێتە ٤۰۰ هەزار دینار.


دووەم: سه بارەت به دەنگدانی كوتایی له سەر كۆی یاسای چاکسازی ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو پێمان وایە پاکێجی چاکسازی زیاتر له ٨٠٪ ی له بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانه و نامانەوێ کۆی یاساکە بگەڕێتەوە پەرلەمان تەنها داوا دەکەین، ئەو مادانە بگەرێندرێتەوە و ھەموار بکرێتەوە کە ناڕەزایی ھاولاتیانی لێ کەوتۆتەوە بەتایبەت ماددەی (٣) لە بڕگەی دووەمی یاساكه، کە ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو دەنگمان پێنەداوە و دژی وەستاین ، کە تایبەتە بەخانەنشینی پەرلمانتار وپلەتایبەتەكان بەبێ مەرجی خزمەت و تەمەنی پیویست، بۆیە داوا له سه روكایەتی پەرلەمان دەکەین وێنەی دەنگدانی ئەم بڕگەیە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە.


سێیەم : سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2018ی عێراق ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو داوا له سەروك كوماری عیراق دەکەین یاسای بودجە واژۆ نەکات و ڤیتۆی بكات وبیگەڕێنێتەوه ئەنجومەنی نوینەرانی عیراق بۆ دابینكردنی شایسته داراییەكانی ھەریمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە داوا دەکەین پەرلەمانی کوردستان و فراکسیونە کوردیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کوبونەوەی ھاوبەش ئەنجام بدەن.


فراکسیونی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان
٤/٣/٢٠١٨