هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەنجومەنی جێبەجێكردنى یەكگرتوو بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە

ئەنجومەنی جێبەجێكردنى یەكگرتوو بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە
بسم الله الرحمن الرحیم

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

ڕۆژی دوو شەممە 4/3/2024 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز مامۆستا صلاح الدین محمد بها‌ءالدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی ، د. محەممەد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری و ئەندامانی ئەنجومەن كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی كرد و لە خودای گەورە داواكاربوو هاتنی ئەم مانگە بكاتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و سەقامگیری بۆ موسڵمانانی جیهان و خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، مانگی رەمەزان ببێتە مایەی سەركەوتنی موسڵمانانی غەززە و كۆتایی هێنان بەو قەتڵوعامەی بەرانبەر بە ژن و منداڵ و هاوڵاتیانی مەدەنی دەكرێت لە لایەن رژێمی داگیركەری زایۆنیەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕووداو و پێشهاتەكان خرایە بەر باس و تاوتوێكردن، بە مەبەستی وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست و دەستنیشانكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی قۆناغەكە.

ئەنجومەنی جێبەجێكردن لە چوارچێوەی ئامادەكاریەكانی هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی راپۆرتی لێژنەكانی هەڵبژاردنی ( هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجە)ى كرد و تەئكیدی كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەردەوامە لەسەر (پرۆژەی چوارچێوەی نیشتمانی دەنگی نارازی) كە كراوەيه لەبەردەم سەرجەم هێز و رێكخراو و كەسایەتیە نارازییەكانی شەقامی كوردستان، بە هیوای ئەوەی هەڵبژاردنەكەی (10/6/2024) سەرەتای قۆناغێكی نوێ بێ لە گۆرانكاری ریشەیی .

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە وێرای نرخاندنی بریارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچە خۆرانی هەرێم جەختكرایەوە هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند بە زووی دەست بكەن بە دابەشكردنی موچە لە كاتی خۆیدا.

ئەنجومەنی جێبەجێكردن یادی شکۆداری راپەرینی پێنجی ئادارى ساڵی (1991)ى بەرز نرخاند و هیوای خواست كە ئامانجەكانی راپەرین بە شێوەی كرداری جێبەجێ بكرێت و لە ئاستی قوربانیەكانی راپەرینی گەلەكەماندا بین، ئاماژە بەوەدرا كە دوای سی و سێ ساڵ رزگاری و ئازادی، جێگای داخە لە ئێستادا کۆی ئەزموونەکەمان بە قۆناغێكی سەختی سیاسیدا گوزەر دەکات و پێویستە بەوپەری جدی و بەرپرسیارانە مامەڵەی دۆخەكە بكرێت و كێشە ناوخۆیی و دەرەكیەكانمان بەزووی چارەسەر بكەین.