هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

بەبۆنەی یادی 23 ساڵەی یادی ئیعلان، یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

بەبۆنەی یادی 23 ساڵەی یادی ئیعلان، یەكگرتوو بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

 

 

 

بەیاننامەی ساڵیادی ڕاگەیاندنی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بسم الله الرحمن الرحیم

- جەماوەری بەڕێزی كوردستان..
- حیزب و لایەنە سیاسیە تێكۆشەرەكان..
- ئەندام و لایەنگرو دۆستانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان..

السلام علیكم و رحمە الله و بركاته...
ئەمڕۆ 6/2/2017 بیست و سێ ساڵ (23) بە سەر ئەو رۆژە مێژوویەدا تێدەپەڕێت كە دامەزرێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، لە هەڵومەرجێكی زۆر هەستیاردا، هەڵسان بە راگەیاندنی مۆدێلێكی نوێ و هاوچەرخ لە كاری ئیسلامی و سیاسی بە شێوەیەكی مەدەنی و میانەڕەوانە لە فیكرو مومارەسەدا.
لەو میانەدا یەكگرتوو توانی چەمكەكانی میانەڕەوێتی ئیسلامی و فرەیی فیكری و سیاسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەو رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادیەكان و بەشداركردنی كارای ئافرەت لە ژیانی گشتیدا لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بە كردەیی بەرجەستە بكات.. كە تا ئێستاش كاریگەریەكانی ئەو ڕۆڵە گرنگەی یەكگرتوو لە سەر كۆمەڵگەی كوردەواری بەردەوامەو ڕەنگدانەوەی ئاشكرای هەیە لە سەر كۆی فەزای سیاسی و رۆشنبیری بە گشتی و تەوژمی ئیسلامی كوردستان بە تایبەتی.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە درێژایی ئەو ساڵانەی رابردوو ئامادەیی بەرچاوو كارای خۆی سەلـماندووە لە ساحەی سیاسیداو هەمیشە فاكتەرێكی ئیجابی بووەو ڕۆڵی بنیاتنەرانەی گێڕاوە لە هەوڵەكانی ئاشتەوایی و هێوركردنەوەی گرژیەكان‌و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان‌و ئەكتیڤكردنی پرۆسەی چاكسازی راستەقینە لە سیستەمی حوكمرانی هەرێم دا.
لە ساڵی رابردووشدا یەكگرتوو توانی كۆنگرەی حەوتەمی خۆی ساز بكات كە بە شاهێدی زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، كۆنگرەیەكی نموونەیی و سەركەوتو و كەم وێنە بووە لە ژیانی سیاسی و حیزبایەتی ناوچەكەدا.
لە چەند مانگی دوای گرێدانی كۆنگرەش، سەركردایەتی نوێ، وێڕای جێبەجێكردنی پەیرەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەو بە دامەزراوەیی كردنی بوارەكانی ناوخۆو بانگەوازو سیاسی، توانیویەتی بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ كراو كاری جیددی بكات لە سەر هێڵە ستراتیژیەكانی بڕیار لە سەر دراوی كۆنگرە بە تایبەتی لە بوارەكانی ئاشتەوایی نیشتمانی و رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامیەكانی كوردستان‌و پشتیوانی كردن لە هەوڵەكانی بەرەو پێشبردنی دۆزی گەلەكەمان بە ئاراستەی گەیشتن بە سەربەخۆیی .
لەو سۆنگەیەدا ئاشكرایە كە ئاشتەوایی نیشتمانی زەرورەتێكی حاشا لێنەكراو و هۆكارێكی كاریگەرە بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسیەی كە بە هۆیەوە پەرلەمان لە كار خراوەو حكومەت ئیفلیج كراوە، وێڕای ئەو قەیرانە داراییە پشتشكێنەی كە رووبەڕووی گەلەكەمان بۆتەوە بە تایبەت توێژی فەرمانبەران و مووچەخۆران.
لەلایەكی ترەوە ڕێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامیەكانی كوردستان پرۆژەیەكی گرنگ و پێویستە بۆ ئەم قۆناغە سیاسیەی كە هەرێم‌و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، لە هەمانكاتیشدا و خواست و قەناعەتی تێكڕای ئیسلامیەكانی كوردستانەو ئامانج لێی ئەوەیە كە ئیسلامیەكانی كوردستان رۆڵی بنیاتنەرو كاراتریان لە ڕووی فكری‌و كرداریەوە هەبێ لە سەر كۆی پرۆسەی سیاسی و دووخستنەوەی مەترسیەكانی توندڕەوی و تیرۆر.
لە ئێستاداشدا كە دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەكان ماوەیەكە دەستی پێ كردۆتەوە، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەم بۆنەدا جەخت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی نەتەوەی و نیشتمانی خۆی دەكاتەوە و خوازیارە كە هەرچی زووترە لایەنەكان بە ئیرادەیەكی جیددیەوە كار بكەن بۆ دەرچوون لەم قەیرانە سیاسیەو بە گەرخستنەوەی پەرلەمان و كاراكردنەوەی حكومەت لە قۆناغێكی انتقالی دا، بە باشكردنی باری بژێوی هاوڵاتیان بە گشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی و كۆتایی هێنان بە كاركردن بە بڕیاری پاشەكەوت ..
لەو پێناوەدا وەك یەكگرتوو هەموو هەوڵێكمان دەخەینە گەڕ بۆ رێكەوتن لە سەر نەخشەرێگایەك بۆ مامەڵە كردنی دروست لەگەڵ گۆرانكاریە چاوەڕوانكراوەكانی دوای شەری رزگاركردنی موسڵ و سود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی كە بۆ گەلەكەمان رەخساوە، بە ئاراستەی گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین و راگەیاندنی سەربەخۆیی.
لەم بۆنەیەدا جێگەی خۆیەتی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزەكانی پێشمەرگەو قوربانیدانی بێ درێغیان و بەرگریكردنیان لە پێناو پارێزگاریكردن لە نیشتمان و دوورخستنەوەی هەڕەشەو مەترسیەكانی تیرۆرستان و ناحەزان بەرز بنرخێنین.
لەو میانەدا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داواكارە كە هەرچی زووترە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بگەرێتەوە بۆ سەرتاسەری ناوچەكەو گەلی كوردمان لە بەشەكانی تری كوردستان بتوانن بگەن بە مافی ڕەوای خۆیان بە شێوەیەكی ئاشتیانەو دیموكراتیانەو دوور لە پەنابردن بۆ توندو تیژی و شەری ماڵكاولكەر.
جارێكی تر هیواخوازین كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و تێكڕای ئۆرگانەكانی‌و ئەندام ‌و كادیرانی وەك حزبێكی كوردستانی سەرتاسەری بە شێوەیەكی هاوسەنگ‌و بەرپرسیارانە، هەردەم ڕۆڵی پڕ سەروەری خۆیان ببینن لە پێشكەشكردنی نموونەی پێشەنگ و داهێنانی بە سودو كاریگەر وەك هەمیشە هەڵگری پەیام و بەهاو ئاكارە رەسەن و باڵاكان بن و چراو روناكی بەخش بن و خزمەتگوزاری دڵسۆزی گەلەكەمان بن.
لە كۆتاییدا وێڕای سوپاس‌و دەستخۆشیمان بۆ هەموو ئۆرگان‌و كادیرە ماندونەناسەكانی یەكگرتوو لە گشت بوارەكاندا، جوانترین پیرۆزبایی ئەم یادە پڕ شكۆیە ئاراستەی سەرجەم ئەندام و لایەنگرو دۆستانی یەكگرتوو دەكەین لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان و لە خوای گەورە داواكارین ساڵی داهاتوومان ساڵی ئاشتی و سەقامگیری و دەرچوون لە قەیرانەكان و گەیشتن بە ئایندەیەكی گەش و ڕۆشن بێت بۆ گەلەكەمان.

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
6/2/2017

 

ئـ . كـ