هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

لێدوانێك لە وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

لێدوانێك لە وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی بە نایاسایی بوونی ناردنی شایستە داراییەكان بۆ مووچە خۆرانی هەرێم، وا دەبینین كە ئەم بڕیارە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق قوڵتر دەكات.

لێرەوە رایدەگەیەنین ناكرێت بەردەوام خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی ئەو ململانێیەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا بدەن و مەترسی لەسەر بژێوییان دروست بكات, گەلی كوردستان شایستەی ئەم برسیكردن و سزادانە نییە, نابێ سزای میللەت بدرێ، دەرئەنجامی ناكۆكییە سیاسیەكان و ئەدائی دەسەڵات.

بەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، ئەوە ئاشكرا بوو كە رێكەوتنە سیاسیەكان بەتەنها نابنە هۆكارێك بۆ خۆشگوزەرانی، بەڵكو دەبێت لەو ڕێكەوتنە سیاسیانە، ڕەچاوی چوارچێوە یاساییەكان بكرێت، بەردەوامی گرژییەكان سەرەڕای رێكەوتنەكان، دەرئەنجامی ناسەقامگیری پەیوەندییەكان و ناڕوونی ماف و ئەركە، بە جۆرێك كە هاوپەیمانییە سیاسیەكانیش فریای ناكەون.

لە كۆتاییدا جەختدەكەینەوە كە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەرپرسانی وڵات، بەرپرسانەو دڵسۆزانە بۆ چارەسەری ڕیشەیی بگەڕێن و كۆتایی بەو كێشانە بهێندرێت.