هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەنجو‌مەنی زانایانی یەكگرتوو: دەسەڵاتداران میللەت بەرەو دەردەسەری گەورەتر دەبەن

ئەنجو‌مەنی زانایانی یەكگرتوو: دەسەڵاتداران میللەت بەرەو دەردەسەری گەورەتر دەبەن

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی كۆچی ئەنجو‌مەنی زانایان و بانگخوازانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێكیان بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنن: ئەم وڵاتە هەموو ئاواتەكەی وەرگرتنی مووچەی سەری مانگ بێت یان كەمترین خزمەتگوزاری بێت یان كۆچكردن بێت بۆ دەرەوەی وڵات لەپیناو ژیانێكی شایستە و ئارام.

ئەنجو‌مەنی زانایان و بانگخوازی یەكگرتوو وێڕای پیرۆزبایی ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژ لەدوای رۆژ میلەتەكەمان لە دەردەسەریێكی گەورە بۆ دەردەسەریێكی گەورەتر و قوڵتر دەچێت، لەگەڵ هەموو سەبر و ئارامگری بێ دەنگی لەهەمبەر كەموكورتیەكان، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پاداشتی هاوڵاتیان بە پشتگوێ خستن و هەست نەكردن بەو هەموو ئێش و ئازارانە و زۆرینەی قەیرانە درێژخایەنەكان وەكو خۆیان ماونەتەوه.

دەقی پەیامەكە:

بسم الله الرحمن الرحیم

قال تعالي: (( إِلاَّ تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ اللّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ الَّذِينَ كَفَرُواْ ثَانِيَ اثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِي الْغَارِ إِذْ يَقُولُ لِصَاحِبِهِ لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللّهَ مَعَنَا فَأَنزَلَ اللّهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ ؤأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَّمْ تَرَوْهَا ؤجَعَلَ كَلِمَةَ الَّذِينَ كَفَرُواْ السُّفْلَي ؤكَلِمَةُ اللّهِ هِيَ الْعُلْيَا ؤاللّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ )) .التوبة 40

 

ب / پیرۆزبایی

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی كۆچی ئێمە وەك ئەنجومەنی زانایان و بانگخوازانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جوانترین پیرۆزبایی وناسكترین وشەی وەفاداری ئاراستەی هەموو مسوڵمانانی جیهان بەگشتی و مسوڵمانانی كوردستان بەتایبەتی دەكەین، ئاواتەخوازین خودای میهرەبان ئەم یادە‌ بۆ ئێمە و هەموو میللەتانی ستەملێكراو بكاتە گەشتێك لە بێهیوایی و بێزاری بەرەو گەیشتن بە كەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی حەوانەوە
كۆچی پێغەمبەری خۆشەویستمان (سەلامی خودای لەسەربن) و یاوەرانی بەتەنیا ڕووداوێكی مێژوویی نەبوو لە شوێن و كاتێكی دیاریكراو، بەڵكو یادەوەریەكی بەنرخە لەلای مسوڵمانان هەنگاوێكی یەكلاكەرەوەو وەچەرخانێكی گەورەبوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا

خوشك و برایانی ئازیز:
هیچ كەسێك نایەوێت شوێن و مەسكەنی خۆی جێبێڵێت ئەگەر بێزارنەبێت و خاوەن پەیام و ئامانج نەبێت، بەڵام ئەو ڕوداوە پیرۆزە بوە خاڵی وە چەرخان و تاوەكو ژیانی مرۆڤایەتی مابێت بەرهەمەكەی دەبینێت، چونكە كۆچكردنێك بوو لە تاریكایی و ستەم و زۆرداری و كۆیلایەتی ژێر دەستی بۆ ڕوناكایی و ئازادی و مەردایەتی هەبوونی
دەرەنجامی ئەو كۆچە مێژووییە بنیاتنانی كیانێكی سەربەخۆ و دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنی و بەهێز ە ڕزگاركەر لە زۆرداری و بڵاوكردنەوەی دادپەروەری و هەستكردن بە هەبوون و ئازادی ویەكسانی كۆمەڵیەتی

ئازیزان:
ئەمانە هەمووی بیرهاتنەوەی دڵ خۆشكەرن، بەڵام ڕۆژ لەدوای رۆژ میلەتەكەمان لە دەردەسەریێكی گەورە بۆ دەردەسەریێكی گەورەتر و قوڵتر دەچێت، لەگەڵ هەموو سەبر و ئارامگری بێ دەنگی لەهەمبەر كەموكورتیەكان، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە پاداشتی هاوڵاتیان بە پشتگوێ خستن و هەست نەكردن بە و هەموو ئێش و ئازارانە و زۆرینەی قەیرانە درێژخایەنەكان وەكو خۆیان ماونەتەوە، بۆیە بەداخەوە تاكی ئەم وڵاتە هەموو ئاواتەكەی وەرگرتنی مووچەی سەری مانگ بێت یان كەمترین خزمەتگوزاری بێت یان كۆچكردن بێت بۆ دەرەوەی وڵات لەپیناو ژیانێكی شایستە و ئارام.

بەڕێزان:
ئەم یادەوەریە هاوكاتە لەگەڵ یادی قڕكردن و جینۆسایدی بەناو ئەنفال كە بەسەر گەلەكەماندا هات، ئەمڕۆ لە جیاتی هێزی گەنج و لاوی ئەم وڵاتە بۆ بنیاتنان و پێشخستنی وڵاتبێت، بێزاری وبێ ئومێدی و ڕەشبینی هزر و دڵ و دەرونیانی داگیركردوە و بەداخەوە دەڵێین، ئەگەر دەستەڵاتی ئەم گەلە، چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانانە نەدۆزێتەوە، هیوا و باوەڕی و دادپەروەری نەگەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتیان، دەبێتە لێدان و كوشتن بۆ گەورەترین دەستكەوت لەمێژووی كوردایەتیدا، بۆیە پشت بەستن بەخودا و بە ئاگابوون و بڵاوكردنەوەی گیانی برایەتی و هاوكاری و باسی و چاكی وهەڵگرتنی بەهای دینی ئیسلامی پیرۆز و شانازی بە ناسنامە و كەلتور و مێژووی خۆی، دەتوانێت لە قەیران و ناخۆسییەكان دەربازیبێت و بەرەو ئاسۆیەكی باستر و صاكتر بڕوات.

لەكۆتاییدا:
جارێكیتر پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو مرۆڤایەتی و مسوڵمانانی جیهان و تایبەت لە میلەتەكەمان دەكەین، بەهاتنی ئەم هەلكەوتە مێژووییە ئاواتەخوازین وێستگەیەكی نوێ لەسەر ئاستی تاك و خێزان و كۆمەڵگە.

ئەنجومەنی زانایان و بانگەواز
یەكگرتوویی ئیسلامی كوردستان
٢٩ي ذي الحجه ١٤٤١
٢٠٢٠/٨/١٩