بەبۆنەی هاتنەوەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیەوە، پیرۆزبایی له سەرجەم ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران و رۆشنبیرانی کورد دەكەین، هیوای گەشەکردن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامەگریی کوردی دەخوازین ..
پێشی ١٢١ ساڵ له ڕۆژانێکی وەك ئەمڕۆدا ، بنەماڵەی خانەدان و کوردپەروەری بەدرخانیەکان یەکەم مەشخەڵی کاروانی ڕۆژنامەنوسیی کوردییان هەڵکرد و پاشئەوەی که ڕێگری کرا له زێد و وڵاتی کوردان دەربچێ ، مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم ژمارەی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی به ناوی (کوردستان) له قاهیرەی پایتەختی میسر دەرکردو پەیامی ئاشتی و نیشتمانپەروەری به ئازادیخوازانی جیهان راگەیاند، پەیامێک که هەڵگری خواستی کوردان بێت ، له ماف و ئازادیەکان.
(کوردستان) له ماوەی چەند ساڵی تەمەنی کورتیدا ،به ئاوارەیی ژیاو (٣١) ژمارەی لێ دەرچوو ، که تا ئێستاش چه ند ژمارەیەکیان نەدۆزراوەتەوە و نەناسراون .
ۆژنامەگەری کوردی وەکو ناسنامه و دیوی دووەمی خەباتی نەتەوەیی، له ماوەی ١٢١ ساڵی تەمەنیدا ، به چەندین هەورازو نشێودا تێپەڕیوه و بەشێک بووه له واقیعی پڕ له نەهامەتی گه لی کورد.
ئەمڕۆ که یادی ڕۆژنامەی (کوردستان) دەکه ینەوەو بەڕێزو شکۆوه ئاماژە بە ڕۆڵی میقداد مەدحەت بەدرخان دەکەین ، گرنگه ئاوڕێک له ناوەڕۆک و په یامی ڕۆژنامەکەی بدەینەوه و لێی وردبینەوە.
پەیامێک که له پاڵ خەمی نیشتمان و ئازاری نەتەوەدا ، جەختی له سەر بیروباوەڕی ئاینی و ڕێنماییەکانی ئیسلام کردۆتەوە و بە ئایەت و فەرموده هانی گەلەكەی دەدات که یەکڕیزو تەبابن ، به دوای زانست و مەعریفه دا عەوداڵ بن.
هەر لەم یادە پڕ شکۆیەدا که ڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردیه ، ئێمه له (دامەزراوەی راگەیاندن و هونەری یەكگرتوو) جەخت له سەر ڕێزگرتن له ئازادی بیروڕاو رۆژنامەگەریی دەكەین و داوا دەكەین که یاساکانی بواری رۆژنامەگەریی وەكو خۆی جێبه جێ بکرێن و ئەو کەلێنه یاساییانەش که بوونیان هەیە ، به یاسای تێروتەسەل و گونجاو له لایەن پەرلەمانەوه پڕبکرێنەوە.
له هەمانکاتدا دەخوازین که دەسەڵات به چاوی ڕێزوە بۆ رۆژنامەنووسان و میدیاکاران بڕوانێ و بواری گونجاو بڕەخسێنێ که مێدیا وەک ئامرازێکی شارستانی و دەسەڵاتی چوارەم ڕۆڵی خۆی ببینێ و فەزاو کەشێکی ئارامتر و له بارتر بۆ ئەهلی قەڵەم به گشتی و رۆژنامەنووسان به تایبه تی فەراهەم بهێنێ.
دەخوازین که لایەنی پەیوەندیدار ڕاپۆرتی سه ندیکای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ و هەروەها ڕێکخراوه نێودەوڵەتیه دیارەکانی بواری ئازادی و مافی مرۆڤ له بەرچاو بگرێ و به پێی یاسای ژماره ١١ ی ساڵی (٢٠١٣) زانیاری و داتای پێویست به یەکسانی بداته که ناڵه کانی ڕاگه یاندن و رۆژنامەگەریی و جیاوازی نەکات له نێوانیاندا.
هەر لەم یادەدا به پێویستی دەزانین که داوا له رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بکەین ، پەیام و گوتاری ڕاگەیاندنیان به ئاراستەی خزمەتکردنی گەل و نیشتمان و پاراستنی بەهاو ڕەوشتی کوردەواری و رەسەنایەتی
كەلتورەكەی بێت و زۆر به ئاگایی و هه ستیاریەوه مامەڵه لەگەڵ بەرهەمی بێگانەدا بکەن، که بەداخەوە ئەمڕۆ هەرەشە له بونیادی ئەخلاقی و بەهای بەرزی گەلەكەمان دەكات.
دامەزراوەی ڕاگه یاندن و هونەری
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
١٦ ی شەعبان ١٤٤٠ ک
٢١ /٤ /٢٠١٩