هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : خەڵكی ئێمە شایەنی ئەم جۆرە نزمە لە ئاستی گوزەران و بژێوی نین

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : خەڵكی ئێمە شایەنی ئەم جۆرە نزمە لە ئاستی گوزەران و بژێوی نین

 

 

لە میانەی بەسەركردنەوەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رێكخستنەكانی لقی شەشی پیرەمەگرونی یەكگرتوو كە ئەمڕۆ ئەنجامیدا (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ڕایگەیاند، دەبێت هەموومان شانازی بكەین كە لە كاروانە پڕ شكۆكەی یەكگرتوودا خۆمان دەبینین و ئێمە یەكگرتووانە بیردەكەینەوەو هەمیشە دەبینە پارێزەری مافی رەوای گەلەكەمان و یەكگرتوو بەردەوامە لەسەر پرۆژەی كاری هاوبەشی ئیسلامییەكان تاكو بە ئەنجام دەگات.

هەروەها رونیشیكردەوە، كە هەر لایەنێك دڵسارد بێت و بیەوێت بەشداری پرۆژەكە نەكات ئێمە لەگەڵ لایەنەكانی ترو كەسایەتی و رێكخراوەكانی تر بەردەوام دەبین تا دەگاتە ئەو ئامانجەی كە بببێتە مایەی دڵخۆشی بۆ دەنگدەر و هەوادارانی ئیسلامی.
لە بەشێكی تری وتەكانی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا كە یەكگرتوو رۆڵی كاریگەری لەناوەندە سیاسیەكەدا بینیوەو خزمەتی بەرچاومان لە ناوەندە زانستی ئەكادیمیەكاندا كردووە كە نەوەیەكی زانست خوازو رۆشنبیرمان بۆ كۆمەڵگەی كوردی پێگەیاندووە كە لە هەرشوینێكدابن جێگەی متمانەو باوەڕی خەڵكن و دڵسۆزی و دەست پاكیشیان ناسنامەیانە.
لە كۆتایی وتەكانیدا (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكەو روونیكردەوە كە مێژوو رەحم بەكەس ناكات و بەرپرسان دەبێت دان بە شكستەكانیاندا بنێن و كاری جدی بكەن بۆ چاككردن و باشتركردنی گوزەرانی و خەڵكی ئێمە شایەنی ئەم جۆرە نزمە لە ئاستی گوزەران و بژێوی نین.
پاشانیش ئێوارەی ئەمرۆ (م. سەڵاحەددین) لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتیە دیارەكان و ریش سپی و پیاو ماقوڵانی دەڤەری پیرەمەگرون و دوكان كۆبوویەوە.
لە وتەیەكدا ئاماژەی بە (24) ساڵ خەباتی یەكگرتوو لە ماوەی رابردوودا داو رایگەیاند، خەباتی ئێمە خەباتی برایەتی و تەبایی و پێكەوە ژیان بووە لە نێوان سەرجەم نەتەوەو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها رونیشكردەوە كە ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كادرو ئەندامانمان بە شێوازێك پەروەردە كردووە كە خزمەتكاری میللەت بن و منەتی خزمەتكاریش بەسەر كەسدا نەكەن.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو روونیكردەوە لە ماوەی رابردوودا رێزمان لە رای بەرامبەر گرتووەو هەوێنی ئاشتی و پێكەوە ژیانیش بووین لە كوردستان و خەباتی رابردوشمان پاك و پێگەردبووە لە هەموو رویەكەوە.
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە (عوسمان كاروانی) بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و (ئەبوبەكر هەڵەدنی) ئەندامی سەركردایەتی یاوەری ئەمینداری گشتی بوون.

 

ئـ . كـ