هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

پەیامی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان

پەیامی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان

 

شَهْرُ رَمَضانَ الَّذي أُنزِڵ فِیهِ الْقُرْأنُ هُدًی لِّلنَّاسِ ۆبَیِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَی ۆالْفُرْقَانِ

جەماوەری ئیسلام پەروەری كوردستان

بە سوپاس و شوكرانەی خودای میهرەبانەوە پێشوازی لە هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان ئەكەین.. مانگی ئاسودەیی و لێ بوردەیی و بەخشندەیی و رزگاربون لە ئاگر..مانگی بە خۆداچونەوە و تۆبەكاری و بریاری سەخت .. مانگی گەشەپێدانی ئیرادەی بەهێز و كەش و هەوای رۆحی و مەعنەوی .

خۆش بەختانە هەمیشە گەلی ئێمە و كۆمەڵگەی كوردەواری بایەخێكی باش و پێشوازیەكی گەرمی لەم مانگە پیرۆزە كردووە .

هەر لەم بۆنە گرنگەدا دەخوازم بە چەند خاڵێك خزمەتی هاوڵاتیان وهێز و لایەن و رێكخراوە سیاسی و چالاكوانە مەدەنیەكان بكەم و چەند داوا و پێشنیارێك بخەمە روو .

1. لەم بارودۆخە دارایی یە خراپە دا و لەم حاڵەتە پر ناسۆرەی بژێوی خەڵك و لە ئەنجامی ئەم شكستە ئابورییەی هاتووە بەسەر هەرێمەكەماندا بە دور لە جەدەلی شیكاری و دادگایی كردن .. كاتی ئەوە هاتووە هەڵمەتێكی هاوكاری و یارمەتی و لە یەكتر پرسینەوەی دارایی و كۆمەڵایەتی لە لایەن هاوڵاتیانەوە بخرێتە رێ .. لەسەر ئاستی گەرەك و گوند و شارەكان هەڵمەتێكی قەلاچۆكردنی هەژاری و هاوكاری خاوەن پێداویست و بێ نەواكان و منداڵانی بێناز ، هەلێكی گرنگە بۆ برا و خوشكانی دەست رۆیشتوو دەوڵەمەند و خوا پێداو كە بەرەكەت بخەنە كار و رزق و كاسپیەكانیان و دڵی براو خوشكانی هاونیشتمان و كەس و كاری خۆیان خۆش بكەن ..

2. دەخوازم كەش و مەناخی مەعنەوی و رۆحی پیرۆزی رەمەزان بقۆزینەوە بۆ ئاشتەوایەكی نیشتمانی لە نێوان لایەنە ناكۆك و هێزە سیاسیە ناتەباكاندا ...سەری میزان لە یەكتر نەگرین و ئیتر بەس بێ ململانێی سەلبی و قۆستنەوەی حزبی روداوەكان میللەتەكەمان مستەحەقی ئەم بێ نازی و دڵەراوكێ یە نیە ..رەمەزان دەرفەتێكی جوانە بۆ ئاشتەوایی و چونە سەر مێزی حیوار و گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەر. 

3. هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا دەخوازم برا و خوشكانی چالاكوانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان و دەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكاران لەم مانگە پیرۆزەدا خۆ راگربن و خۆیان لابدەن لە شەری میدیایی و ململانێ و كەرەسەی نەشیاوی ناوزراندن و كولاندنەوەی برینەكان و هەڵتەكاندنەوەی مێژوو .. جوانی و شیرینی زۆر هەیە كە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن و كەش و هەوای مەعنەوی و رۆحی رەمەزان لە خۆیان تێك نەدەن و ئاگری تێكدان و فیتنە بكوژێننەوە .كە تەنیا پێكەوە ژیانە و رێز لە یەكتر گرتنە.

لە كۆتایدا رەمەزانێكی پر لە عیبادەت و رۆژویەكی قەبوڵكراو بۆ هەمولایەك دەخوازم

براتان

صلاح الدین محمد بها‌ءالدین

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان