هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی: سیاسەتی نوێی جیهانی و گۆرانكاریەكان دەرفەتێكە بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی كورد

ئەمینداری گشتی: سیاسەتی نوێی جیهانی و گۆرانكاریەكان دەرفەتێكە بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی كورد

 

سەر لەبەیانی ئەمرۆ شەممە 22-4-2017 مامۆستا سەلاحەدین محەمەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەگەڵ بەرپرسی گشتی دامەزراوەو دەزگاكانی یەكگرتوو كۆبۆوە .

لە كۆبونەوەكەدا سەرەتا ئەمینداری گشتی هیوای سەركەوتنی بۆخواستن لەسەر كارو ئەرك و پلانەكانیان و تیشكی خستە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەو سیاسەتی نوێی جیهانی و ئاماژەی دا كە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەو هەرێم و نێودەوڵەتی دەرفەتێكی گونجاوە بۆ سود وەرگرتنی گەلی كوردستان بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی خۆی لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ڕای گەلی كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك جێبەجێكردنی یەكێك لە خاڵە ستراتیژەكانی حزب كە پەسندكراوی كۆنگرەی شەشەم و حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە بێ گومان بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی پێویستمان بە زەمینەسازكردن و ئەنجامدانی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەكریزی لایەنە كوردستانیەكان و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و بەگەڕخستنی سەرجەم تواناكان ، لەپاڵ ئەنجامدانی پێویستی چاكسازی و چارەسەركردنی بژێوی خەڵكی كوردستان و موچەی فەرمانبەرانە.

ئەمینداری گشتی ئاماژەیاندا كە یەكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامی كوردستان و یەكخستنی هێزو تواناكانی بۆ هەموو ئیسلامخوازان چاكسازی و بیری میانڕەوی و خزمەتگوزاری وە ئەركی سەرەكی ئەم قۆناغەو جەختی كردەوە لە گرینگی هاوسەنگی و بەهێزی پەیوەندیەكانی یەكگرتوو لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردستانییەكاندا و بەتایبەت لەگەڵ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان و بەئاراستەی بەیەكەوەژیان و تەبایی نێوانیان و بەدیهێنانی ئاواتەكانی خەڵكی كوردستان.

لە كۆتاییدا بەرپرسی دامەزراوەو دەزگاكانی یەكگرتوو بەچەندین پرسیارو پێشنیار دیدو بیرورای خۆیان خستە ڕوو بۆ دەوڵەمەندكردنی پرۆژەی یەكگرتوو لە سەرجەم بوارەكاندا.

م-ع-كانی