هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : هەر قسەو باسێك سەبارەت بە دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی بەبێ ئاشتەوایی ناوخۆیی ئەرزشی نیەو كاریگەری نابێت

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : هەر قسەو باسێك سەبارەت بە دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی بەبێ ئاشتەوایی ناوخۆیی ئەرزشی نیەو كاریگەری نابێت

 

 

ئەمڕۆ یەكشەمە لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی كابینەی مەڵبەندو ئەندامانی لقەكانی سنوری مەڵبەندی یەكی سلێمانی (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ڕایگەیاند، هەر قسەو باسێك سەبارەت بە دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆی بەبێ ئاشتەوایی ناوخۆیی ئەرزشی نیەو كاریگەری نابێت و رێگە خۆشكەر نابێت بۆ دانپیانانی نێودەوڵەتی پێویستە لایەنەكان كۆك بن لەسەر یەكخستنی نێوماڵی كوردو ئامادەسازییە نێو دەوڵەتییەكان و ئیقلیمییەكان بۆ پرسی سەربەخۆیی.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر بارودۆخی عێراق و هەرێم و ئەو گۆڕانكارییانەی لە دوای نەمانی داعش لە ناوچەكە ڕوو دەدەن، سەبارەت بە بارودۆخی یەكگرتوو ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا كە ماوەیەكە هەڵمەتێكی پلان بۆ داڕێژراو چەواشەكارانە بەرامبەر بە یەكگرتوو ئەنجام دەدرێت، پێویستە ئەندامان و كادیرانی یەكگرتوو هۆشیارانە ڕووبەڕووی چەواشەكاریەكان ببنەوە، چونكە ئەم چەواشەكاریانە شتێكی نوێ نیەو لەسەرجەم قۆناغەكانی خەباتی یەكگرتوودا هەبوون و هەن، بەڵام نابێت بە شێوەیەك بێت كە كاریگەری لەسەر یەكگرتوو هەبێت و سەرقاڵمان بكات بە خۆمانەوە.
یەكگرتوو مێژووییەكی پاك و دوور لە تێكەڵبوون بە گەندەڵی دارایی و ئیداریی هەیەو پێویستە شانازی پێوە بكەین و ئەگەر چاوێك بە مێژووی خۆمان و بەرامبەرەكانمان بگێرین، یەكگرتوو بۆ سەرجەم بابەت و ڕووداوەكان تەرازوی هەیە بە هەڕەمەكی مامەڵە ناكات ئەمەش خاڵی جیاكەرەوەی یەكگرتووە، هەروەها ئەمینداری گشتی ڕایگەیاند، پێویستە لە ئێستاوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێم عێراق ئامادەبكەین.
لەبەشێكی تری ووتەكانیدا (م. سەڵاحەددین موحەممەد بەهائەددین) جەختی لە هەماهەنگی و هاوكاری نێوان كەسایەتی و لایەنە ئیسلامییەكان كردەوەو روونیشیكردەوە هەوڵەكان ئەنجامی باشی هەبووە لە داهاتووش بەردەوام دەبین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر لێك نزیكی زیاتر.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەشدا ئامادەبووان چەندین پرسیارو پێشنیاریان ئاڕاستەی مامۆستا (سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) كردو لەلایەن بەڕێزیشیانەوە وەڵام درانەوە.
شایەنی باسە هەریەكە لە (ناسك تۆفیق) كارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و (د. عومەر موحەمەد) بەرپرسی نووسینگەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن لە سلێمانی و (عوسمان كاروانی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.