هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەشداری دەكات لەبەخاك سپاردنی محەمەدی مەلا عبدالكریمی مودەریس

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەشداری دەكات لەبەخاك سپاردنی محەمەدی مەلا عبدالكریمی مودەریس

 

نوسەرو زانا و ڕۆشنبیری دیاری كوردستان محەمەدی مەلا عبدالكریمی مودەریس لە تەمەنی 86 ساڵیداو بەهۆی نەخۆشیەوە كۆچی دوای كرد.


درەنگانێكی شەوی ڕابردوو نوسەرو زانا و ڕۆشنبیری دیاری شاری سلێمانی محەمەدی مەلا عبدالكریمی مودەریس دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشیەكەیدا كۆچی دوای كرد و بەبەشداری دەیان كەسایەتی سلێمانی و ڕۆشنبیران و سیاسیەكان لە گۆرستانی سەیوان بەخاك سپێردرا.


ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و شاندێكی بالای یەكگرتوو بەشدرابوون لەمەراسیمی بەخاك سپاردنی زانای كۆچكردوو، لەدەستدانی ئەو كەسایەتیە بە فەراغێكی گەروە ناودەبەن لە بواری نوسین و وەگیران و ئەدەبیاتی كوردی .


محەمەدی مەلا كەریمی مودەریس لە 14ی ئابی 1931 لەناوچەی هەورامان لەدایك بووە وسەرەتای خوێندنی لای باوكی دەستپێكردووە و ماوەی‌ دوو ساڵیش لای مەلای‌ گوندەكەیان خوێندنی ئایینی درێژەپێداوە.


دواتر روویانكردۆتە شاری سلێمانی بەهۆی‌ بیری نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری تێكەڵبوونی بەبواری سیاسی، توشی زیندانیكردن بووە.


هەروەها یەكێك بووە لەدەستەی‌ دامەزرێنەرانی یەكێتی قوتابیانی ئایینی واتا فەقێ، هەروەها دەستەی‌ دامەزرێنەری گۆڤاری دەنگی فەقێ بووە، كەمانگانە لەشاری سلێمانی بەشێوەی دەستنوس دەردەكرا و چەند كۆپیەكی بۆ شارەكانی كەركوك و هەولێر دەنێردرا، بەپێی ئینسكلۆپیدیای‌ مێژوونامە.

 

مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم لەساڵی 1949وە دەستی كردووە بەنوسینی بابەتەكانی و لەڕۆژنامەی‌ نەدا لەشاری بەغدا بڵاویكردونەتەوە، هەروەها لەساڵی 1952ەوە لەڕۆژنامەی‌ ژیندا نوسینەكانی بڵاوكردۆتەوە.


لەودەمەوە لەنوسین و وەرگێران و لێكۆلێنەوە قۆناغ بە قۆناغ بەپێی گۆڕانكاری باری ڕامیاری و كۆمەڵایەتی بەردەوام بووە.