هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمیندارى گشتی یەکگرتوو لەگەڵ رۆژنامەنوسان و میدیاکارانی یەکگرتوو کۆبۆوە

ئەمیندارى گشتی یەکگرتوو لەگەڵ رۆژنامەنوسان و میدیاکارانی یەکگرتوو کۆبۆوە

بەڕێز مامۆستا صلاح الدين محمد بهاءالدين ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، بە بۆنەى یادى ٣٠ساڵەى ڕاگەیاندنى یەکگرتووەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان و میدیاکارانى یەکگرتوو کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە کە بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچوو، تێیدا ئەمیندارى گشتی یەکگرتوو دواى پیرۆزبایی یادى ڕاگەیاندنى یەکگرتوو لە میدیاکار و رۆژنامەنوسان و، سەرجەم ئەندام و لایەنگرانى یەکگرتوو، لە وتەیەکیدا تیشکى خستە سەر مێژووى ٣٠ ساڵەى یەکگرتوو و، لەو میانەدا ڕایگەیاند: یەکگرتوو لە ماوەى ٣٠ ساڵەى تەمەنیدا هەمیشە هەوڵى پاراستنى شوناسی ئایینى و ئەخلاقى داوە، کوردایەتى لە دەردەکانى شۆڤێنیەت پاراستووە ، لە ٣٠ ساڵى ڕابردوودا هەردەم ڕێبازى میانڕەوى پیادەکردووە ، هەمیشە پێکەوەژیان و ئاشتى کۆمەڵایەتى لەگەڵ پێکهاتەکانى تر، سیماى درەوشاوەی یەکگرتوو بووە.

سەبارەت بە بارودۆخى کوردستان و گوزەرانى خەڵکى هەرێمیش، ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو ووتى: ئێمە لە کابینەى هەشتەوە لە حکومەت نین و، کاتێک بەردەوام هەوڵى چاکسازیمان داوەو ڕێمان پێ نەدراوە، لە حکومەت کشاوینەتەوە، یەکگرتوو هەرگیز بەشێک نەبووە لەو گرفت و کێشانەدا، ٣٠ ساڵى ڕابردووش جێگاى شانازیمانە کە تەرکین لە هەموو خراپەکارییەک، هاوکات شەریکین لە هەموو خێر و ئاشتیخوازییەک.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو نیگەرانى خۆشى نیشاندا لە بێباکى دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان کە لە بەرامبەر ئەو خۆپیشاندان و خەباتە مەدەنییانەى مامۆستایان و فەرمانبەران و، خراپى بژێوى و گوزەرانى موچەخۆراندا دەینوێنێ ، لەوبارەشەوە ووتى: ئێمە هەمیشە ئامادەبووین و هەوڵمانداوە قسەى خیر بکەین، بەڵام لەبەر بێ باکى دەسەڵات کەڵکى نەبووە، لەوە بارەوە ، پشتگیری تەواوی یەکگرتووی بۆ خەباتی مەدەنی مامۆستایان و مافە رەواکانیان دوپات کردەوە .

سەبارەت بە سەردان و دیدارەکانى شاندی باڵاى یەکگرتوو بۆ بەغدا و تاران و تورکیا و قەتەر، ئەمینداری گشتی یەکگرتوو رایگەیاند : هەردەم جەختمان کردۆتەوە لەسەر دۆزی ڕەوای گەل و دۆخی نەخوازراوی بژێوی وموچەو بوجەی هەرێم ،کەتێکەڵ کراوە بە حاڵەتی سیاسی وپەیوەندیەکانی هێزەکان ، کە دواجار میللەت باجەکەی ئەدا ..راشیگەیاند لە بەغدا و لە وڵاتانی ئیقلیمیش ، راشکاوانە وتومانە هاوڵاتی - لەسەرانسەری عێراقدا - بەدەستور یەکسانە لەئەرک ومافدا ، بەڵام بەداخەوە لە ژێر کاریگەری قەیرانە سیاسییەکاندا

ئێستا وانییە .

لە دیدارەکەى میدیاکارانى یەکگرتوودا ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو تیشکى خستە سەر بارودۆخى شەڕى داگیرکارى غەزە و، تێکۆشان و دان بەخۆداگرتنى خەڵکى ستەملێکراوى فەلەستین، لەو بارەشەوە ووتى، لە ٧ى ئۆکتۆبەر تونرا سەرکەوتنێک تۆمار بکرێت کە زایۆنى داگیرکەر بخرێتەوە قاڵبى خۆى، وەک رژێمێکى داگیرکەر، ئەمەش بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بوو کە چ دەسەڵاتێکى ستەمکار و مرۆڤکوژە..

لەکۆتایی دیدارەکە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو سوپاس و دەستخۆشى ئاراستەى میدیاکار و رۆژنامەنوسانى یەکگرتووى کرد، کە لەم بارودۆخ و گوزەرانەى خەڵکیدا، بەردەوام درێغییان نەکردووەو رەچاوى خەمەکانى خەڵکیان کردووە، هەروەک دڵسۆزانە لەگەڵ گەیاندنى پەیامى ئیسڵاحخوازى یەکگرتوودا کاریان کردووەو، بەردەوامییان بە خەباتیان داوە..

شایانى ئاماژە پێکردنە کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند و زیاتر لە ١٢٠ رۆژنامەنوس و میدیاکار ئامادەبوون و، بەرێز ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو وەڵامى پرسیارى ئامادەبووانى دایەوە.