هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : لەشەری ناوخۆ پەرلەمان پەكنەخراوە كەچی ئێستا پەكخراوە ئەمە تەراجوعێكی گەورەیە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : لەشەری ناوخۆ پەرلەمان پەكنەخراوە كەچی ئێستا پەكخراوە ئەمە تەراجوعێكی گەورەیە

ئەمرۆ سێ شەممە 7/2/2017 بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دیبێتێكی بۆ بەشێك لە نوسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان لە شاری هەولێر ساز كرد .

لە دیبێتەكە سەرەتا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر مێژووی یەكگرتوو وەك حزبێكی ئیسلاحی و ئیسلامی و سیاسی لە كوردستان و ئاماژەی دا بەوەی كە هەمیشە هەوڵیداوە خزمەت بە هاوڵاتیان بكات و رۆڵ بگێرت لە ئاشتەوایی نێوان لایەنەكان و خەباتی سیاسی خۆی درێژە پێبدات .
لەبەشێكی تری وتەكانیدا تیشكی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و چارەسەركردنی كێشە و گرفتی هاوڵاتیان بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و دۆزینەوەی رێگا چارەیەكی گونجاو بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و چیتر پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیە پەكنەخرێت، چونكو پەرلەمان جێگەی شانازی بوو و لەشەری ناوخۆ پەكنەخراوە كەچی ئێستا تەراجوعێكی گەورەمان كردووە لە پەكخستنی پەرلەمان.
ئەمینداری گشتی باسی لە پرۆژەی ئیسلامی كرد و وتی پرۆژەی ئیسلامی پرۆژەی حزبە ئیسلامیەكان نیە بە تەنیا و هەموو كەسایەتی و رێكخراوە ئیسلامیەكان لەم پرۆژەیە بەشدارن و بەهەموولایەكمان هەوڵی ئەوەدەدەین كە هەمووان لە ژێر یەك چەتر كۆبكەینەوە و لە داهاتووشدا كۆنفراس و كۆبوونەوەی فراونتر و هەنگاوی عەمەلی تر دەنێین.
ئەمینداری گشتی كگرتوو سەبارەت بە پرسی سەربەخۆی كوردستان گوتی ئێستا دەرفەت و ئەگەری جۆرا و جۆر لەبەردەم هەرێمی كوردستان دا هەیە بەتایبەت دوای نەمانی شەری داعش، بەڵام بێ زەمینە سازی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ناتوانین هەنگاوی جدی بنێین بۆ سەربەخۆیی.
لەبارەی هەوڵەكانی یەكگرتوو بۆ ئاشتەوایی و رێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو گوتی سەرەرای بوونی بەربەستی زۆر بەڵام ئومێدمان هەرماوە و لەم هەوڵانەش بەردەوام دەبین.
لەكۆتاییدا ئامادەبووان پرسیار و تێبینی و پێشنیارەكانیان ئاراستەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كردوو و تیشكیان خستە سەر ئەو هەنگاوە مەدەنی و جوانەی كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ئەمیندارەكەیان دەیگرێتە بەر لە گوێگرتن لە رۆشنبیر و نوسەرانی كوردستان و بە نمونەیەكی جوانی دیموكراسیان دانا و داوای دووبارەكردنەوەی ئەم جۆرە هەنگاوانەی لە حزبەكانی تر كرد كە چاو لەم جۆرە كارانەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بكەن.