هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : رۆژێك زووتر سەربەخۆیی كوردستان دەستە بەربكرێت قازانجترە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : رۆژێك زووتر سەربەخۆیی كوردستان دەستە بەربكرێت قازانجترە

رۆژی یەكشەممە 5/2/2017 لە بارەگای مەڵبەندی دووی یەكگرتوو لە هەولێر بەرێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی بیست و سێ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و پیرۆزبایی لە سەرجەم یەكگرتووەكان و هەڵگرانی پەیامی برایەتی و ئازادی و دادپەوەری كردو بە یادێكی پڕ شكۆ و سەركەوتوو وەسفی كرد

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو رایگەیاند:" پێویستە هەموو هێزەكان پابەندبین و كێشەكان چارەسەربكەین و ڕوبەڕووی تەحەدیاتەكان ببینەوە بەتایبەتی كە لە شەڕی داعشداین و بەهۆی قارەمانیەتی پێشمەرگەوە شەڕەكە بە شكستی داعش كۆتایی هات و لەو بۆنەیەدا سڵاویان بۆ دەنێرێن و دووعای خێرو سەلامەتیان لەخودا بۆ دەكەین".

ئەمینداری گشتی سوپاسی چاوەڕوانی هاونیشتیمانان بەرامبەر یەكگرتوو كردو ئاماژە بەوەدا خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی یەكگرتوو دەكەن كە زیاتر بەدەم كێشەو خەمەكانەوە دەبێت و هەوڵی ئەوەدەدات كە قەیرانەكان چارەسەر بكرێن و گوتی:" كێشەكان هەندێكیان پەیوەندیان بە مێژوو و ڕابردوەوە هەیەو بەشێكیشیان نوێن، بەڵام قەیران و كێشە سروشتیەو ئەوەی نا سروشتیە و قەیرانی گەورەیە ئەوەیە كە نەتوانین چارەسەری بكەین و نەزانین قەیرانەكە چۆن تێپەڕێنین".

بەرێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین لە بەشێكی قسەكانی باسی لە پرسی سەربەخۆیی لەلایەن یەكگرتووە كردوو و ئاماژەیدا بەوەی كە یەكێكە لە ئامانج و ستراتیژییەكانی حزبەو لە كۆنگرەكانی شەش و حەوت پەسەند كراوەو رۆژێك زووتر سەربەخۆیی دەستەبەربكرێت قازانجترە بۆ كورد.

ئەمینداری گشتی ئاماژەی دا بەوەی كە خەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەیە كە چارەسەری كێشەكان بكرێت و هەموومان لەو گۆڕەپانە دەژین و دەبێت هەموشمان بەشداربین لەچارەسەری ئەو كێشانەی لە گۆڕەبانەكە دەگوزەرێت، ئەوەی خوازراوە لەئێمە دەبێت بكرێت ئەوەیە كە هێزە سیاسییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ئاستی ڕوبەڕوبونەوەو چارەسەری گرفتەكان بن لەو كێشانەی كە بەدەستی هەرێمی كوردستان نیە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین و ئەوانەیشی لەناوخۆی هەرێمە چۆن چارەسەری بكەین .

جێگای ئاماژە پێدانە لەكۆتاییدا ئەمینداری گشتی وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنەمەنووس و راگەیاندنكارانی دایەوە.