لە میانەی سەردانەکانی بۆ دەڤەری بادینان ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی بەرواری ٢٠٢٣/٧/٢٨ بەرێز مامۆستا صلاح الدين محمد بهاءالدين ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری دھۆک لە دیدارێکی لەگەڵ بەشێک لە رێکخستن و کادیرانی پێشکەوتووی سنوری مەڵبەندی سێی یەکگرتوو رایگەیاند : پیرۆزبایی سەری ساڵی کۆچیتان لێ دەکەم و دەخوازم ھەروا لە خێر و سەرکەوتن دابن.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکەو روداو و پێشھاتەکانی شیکردەوە و رایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان جگە لەو کێشەو قەیرانانەی کە ھەیەتی و بێ چارەسەریش ماونەتەوە، بەدەر نیە لەو گۆرانکاریە ئیقلیمی و نێودەڵەتیانەی کە لەناوچەکە دەگوزەرێ و پێشھاتەکانی باش ناڵێن.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو تەئکیدی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کردەوە و رایگەیاند دەسەڵاتداران ترسیان لە گۆرانکاری ھەیە و بیانو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەھێننەوە و ھەر رۆژەو گرفتێک دێننە پێشەوە و دوای دەخەن، ھەروەھا ھاوڵاتیان دەبێت ئەمە بیری خۆیان بێننەوە چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان و گۆڕانکاری بە دەنگدان دەبێت و بەشداری نەکردنیان لە ھەڵبژاردنەکان خزمەت بە مانەوەی دەسەڵاتداران زیاتر دەکات.