هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئێستا هەرێمی كوردستان لە فەراغی یاساییدایە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئێستا هەرێمی كوردستان لە فەراغی یاساییدایە

ئەمڕۆ شەممە لەشاری هەولێر، یازدەهەمین كۆنگرەی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان دەستیپێكردو تیایدا بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان پابەندی بە كۆنگرەوە هەیەو پابەندیەكەی هاوتەریبە لەگەڵ چالاكی و كۆششەكانی و ئومێدمان وایە هەروا بەردەوام بن.

هەروەها وتیشی: ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان ئەو مەدرەسەیە كە سوپاس بۆ خودا بە كردەوە سەلماندویەتی كە ساڵانە كۆمەڵێكی زۆر لە قوتابی كوردستان لە خولی زانستی و پەروەردەو داهێناندا بەهەرەمەند دەبن و پێشكەشی كۆمەڵگەیان دەكات و لەم دۆخەدا بەردەوام بوەو ماوەی 30 ساڵە لە خزمەتكردن بەردەوامە.

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەختیشیكردەوە: هەمووان دەزانن كە پیلانێكی گەورە لەسەر گەنج هەیە لە هەرێمی كوردستان هەر لەبێكاركردن و بێ هیواكردنی خۆی و خانەوادەكەی و هەر لەو نائومێدیەی دەچێندرێت لە مێشكی گەنجدا كە كۆچكردنی پێ باشتربێت لەمانەوەی لێرەو بەهای خوێندنی نەهێڵدراوەو ئەوەش جێگەی نیگەرانیەو خۆشبەختانە ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان خاوەنی كوڕو كچی خوێندەوارو سەركەوتووەو ئاسەواری دروستی ڕێكخراوەكە كە زانست و پەروەردەو داهێنانە دیارەو دەشبێت هەر وابێت.

سەبارەت بەدۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ڕایگەیاند: تاك ڕەویی و هەر كەس بۆخۆی لە زۆن و دەڤەری خۆی كەخۆی هەمە كارە بێت و لەبەریشی بڕوات، ئەمە حاڵەتێكی ناتەندروستەو وە بەرهەمی زۆر خراپی دەبێت، وەك یەكگرتوو هەرگیز بەم حاڵەتە ڕازی نین و نابێت دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت و بە ئەدەبیاتی خۆمان كاری لەسەر دەكەین و بێخەم نابین و یەكگرتوو ناڕازییە بە هەموو ناعەدالەتی و نایەكسانی و ناڕێكیەك كە هەیە، یەكگرتوو ناڕازییە بە هەموو پابەندی و نۆكەرایەتیەك كە هەیە و ناڕازین بە سوتانی بەرهەمی دەیان ساڵەی خەباتگێرانی كوردستان، هەرێمی كوردستان و ناوچەكە لە زنجیرەكەیەك قەیراندایە بەتایبەت هەرێمی كوردستان كە دەیان ساڵە خەبات و قوربانی و شۆڕشی بۆ كراوە، ئەمڕۆ كە بەحساب گەیشتۆتە بەرهەم كراوەتە قوربانی ناكۆكی و ناتەبایی بەرپرسانی نابەرپرس كە ئێستا هەرێمی كوردستان لە فەراغی یاساییدایەو دۆخێك دەسازێنن كە پەرلەمان نەمێنێت كە ئەویش نەما بێگومان هەموو دەزگاكانی دیكە دەبنە كاربەڕێكەرو بەسەرچوو كە ئەمە عەیبدارییەكی گەورەیە.