هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانان دەكات

به بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە ئەمە دەقەكەیەتی :
 
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ
ذَٰلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ
هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان لە جەماوەری موسڵمانی كوردستان و جیهان پیرۆز ئەكەم ..
داواكارم لە خودای پەروەردگار حەج و دوعای حاجیانمان قبوڵ بكات و ئەم جەژنەمان لێ بگێرێتەوە بە خێر و خۆشی و سەقامگیری و سەربەرزی ..
جێگای داخە كە جەژنەكەمان لە كاتێكدایە گەل و نیشتمان لە دۆخێكی دژوار و هەل و مەرجێكی هەستیاردایە و دەسەڵاتی هەرێم لە ئەنجامی هەڵەی كار و كەمتەرخەمی و بێ منەتی خۆی و پیلانی ناحەزانی دەرەكی لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا نیە، پێویستی بەپلانی گۆڕانکاری جیددی و چاکسازی ڕیشەیی هەیە، هەل ومەرجەکان زۆریان گۆڕاون.. بۆیە پرسی هەڵبژاردنی هەرێم بناغەی ئەو بابەتەیە، هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بەشداریەکی فراوانی هاوڵاتیان، بە هیوای یەكڕیزی دەستە بژێری سیاسی و رۆشنبیری و هێزە نارازییەكان و دڵسۆزان بۆ رەنگ رێژی داهاتوویەكی باشتر..
هەر لەو سیاقەوە جێگەی نیگەرانیە كە ماوەیەكە جەدەلێكی نەزۆك و نازانستی كەوتوەتە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و خەڵكی ئیسلامخواز و دڵسۆزی نیگەرانكردووە، سەبارەت بە هێرشی ناوزراندن و بوختانكردن بۆ كەسایەتی یە رەمزەكانی موسڵمانان و زانا و ئیمامەكانی مێژووی ئوممەتی ئیسلام.
ئەم حاڵەتە ناتەندروست و نابەجێیە لە كاتێكدایە كە میللەتەكەمان و كۆمەڵگەكەمان بە دەست دەیان گرفت و قەیرانەوە دەناڵێنێ و ئوممەتی ئیسلامیش دەیان پیلان و نەخشەی دوژمنكارانەی لەسەرە..
بە بۆنەی ئەم جەژنە پیرۆزەوە داواكارم هەمولایەكەمان بە میللەت و دەسەڵات و بە سیاسی و رۆشنبیرەوە بە زانا و كەسایەتی و لایەنە ئیسلامیەكانەوە بچینەوە سەر راستە رێگای ئاینەكەمان و قورئان و سوننەت بكەینە حەكەم و عەدالەت و مافی تاك و كۆمەڵگە و بەرژەوەندی گشتی هەرێمەكەمان بكەینە ئامانج، و پێكەوە بە تەبایی و یەكڕیزی شان بدەین بەر بەرپرسیاریەتی قۆناغەكە و فریای ئەم پاشەكشێ و داڕمانە بكەوین..
جارێكی تر جەژنتان پیرۆز بێت …
براتان
صلاح الدين محمد بهاءالدين
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
9 ذوالحجة 1444کۆچی