هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: جێگەی شانازییە یەكگرتوو بەشێك نیە لەو ستەمانەی كە بەرانبەر هاوڵاتیان دەكرێت

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: جێگەی شانازییە یەكگرتوو بەشێك نیە لەو ستەمانەی كە بەرانبەر هاوڵاتیان دەكرێت

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە ١٩/٢/٢٠٢٣، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردسان بەیاوەری شاندێكی سەركردایەتی سەردانی قەزای شارەزووری كردو لەدیدارێكدا لەگەڵ بەشێك لەڕێكخستنەكانی لقی زەڕایەنی یەكگرتووی ئیسلامیی ڕایگەیاند: یەكگرتوو قوتابخانەی تەخەڕوجی مرۆڤە باشەكانەو بەرنامەی یەكگرتوو داڕشتنەوەی كەسایەتی مرۆڤەكانەو ئامانجی ئێمە لەو چوارچێوەیەدایەو هەمووانیش باش ئەوە دەزانن كە یەكگرتووەكان زەرورەتن بۆ كۆمەڵگەو حزبێكی جیاوازە كە كاری سیاسی پەسەند لەگەڵ پەروەردەو بانگخوازی دەكات و ئێمە هەنگاوێكی سیاسی نانێین كە زیان بە پەروەردەو بەها باڵاكانی كۆمەڵگە بگەیەنێت و ئێمە نائومێدو سارد نابین لەگەیاندنی بەرنامەی خودایی و سەرخستنی ئەم دینە كە قۆناغ بەقۆناغ بەردەوام بووەو بەردەوامیش دەبێت.

هەر لەمیانەی سەردانەكەی بۆ قەزای شارەزوور، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین لەگەڵ ڕێكخستنەكانی لقی هەڵەبجەی تازەی یەكگرتوو كۆبویەوەو تیشكی خستەسەر پەروەردەی دروستی یەكگرتووەكان كە لەكوچەو كۆڵانەكانی هەرێم ڕەنگ دەداتەوەو ڕایگەیاند: لە هەر كۆڵان و جێگایەك یەكگرتوویەك هەبێت سیماكەی دیار دەبێت و ئێمە لەم وڵاتەدا كە ژینگەو دۆخەكەی شپرزەیەو وڵات بۆتە دۆخێكی خەماویی كە ئەوە جێی نیگەرانیمانە و لەلایەكی دیكەوە سوپاس بۆ خودا ئێمە دڵخۆشین بەشك نین لەو ستەمكردنانەی كە بەرانبەر هاوڵاتیان كراوەو دەكرێت و لەبەرانبەریشدا هەمیشە هەوڵمانداوە ڕۆڵی ئیجابیمان هەبێت و لەسەر ئەو بەرنامەیەش بەردەوام دەبین بۆیە ئێمە لەهەموو قۆناغەكاندا بەرچاومان ڕونەو ئەوەش فەزڵی خودایە.