هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی مەكتەبی سیاسی ئاك پارتی دەكات

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی مەكتەبی سیاسی ئاك پارتی دەكات

لە چوارچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ وڵاتی توركیا، بەڕێز مامۆستا (سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە یاوەری بەڕێزان (د. سەڵاحەددین بابەكر) كارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و (د. لوقمان باسكەدێری) بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی توركیا سەردانی مەكتەبی سیاسی ئاك پارتی لە شاری ئەنقەرە كردو لەلایەن بەڕێز (عەفیف دێمیركران) بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئاك پارتی پێشوازیان لێكرا.

لە میانەی دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیانیان دەربڕی لەپای ڕووداوی بوومەلەرزەی شەوی ڕابردوو كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لێكەوتۆتەوە.

لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی ئاك پارتی سڵاوی بەڕێز (ڕەجەب تەیب ئەردوگان) ی سەرۆكی حیزبیان گەیاندە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و ئاماژەی بەوەدا كە جەنابیان سەرقاڵی بەدواداچوونی كارەساتی بوومەلەرزەكەن.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر كراو جەختكرایەوە لەسەر پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكان.