هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو : دەرفەت بۆ بەردەوام بوونی ناکۆکیەکان لە نێوان لایەنەکان نەماوە

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو : دەرفەت بۆ بەردەوام بوونی ناکۆکیەکان لە نێوان لایەنەکان نەماوە

 

لە میانەی پێشوازیکردنی لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندیە نیشتمانیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئێوارەی ئەمرۆ 17.1.2017 لەشاری سلێمانی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: دەرفەت بۆ بەردەوام بوونی ناکۆکیەکان لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە.


لە کۆبونەوەکەدا کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بوو ئەمینداری گشتی یەکگرتوو جەختی لەسەر هەرچی زوو گەیشتن بە رێکەوتن لە نێوان سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و روونییشکردەوە لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتایەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ و ئەو گۆرانکاریانەی کە لەو وادەیە بە دواوە لە عێراق و ناوچەکە روودەدەن هیچ دەرفتێک نەماوە بۆ بەردەوام بوونی ناکۆکیەکان و موزایەداتی سیاسی بەسەر یەکتری دا.


لەبەشێکی تری وتەکانیدا جەنابی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەدا پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی گۆرانکاریەکان لە هەرێمی کوردستان بیر لە پەراوێزخستنی هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی لە کایە سیاسیە نوێکەدا نەکرێتەوە.


لەلایەن خۆشیەوە بەپرسی مەکتەبی پەیوەندیە نیشتمانیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەوڵەکانی بەرێز ئەمینداری گشتی یەکگرتووی بۆ گەیشتن بەم قۆناغەی ئێستا کە جارێکی تر گفتوگۆکان دەستیان پێکردەوەتەوە بەرز نرخاند.


جێی ئاماژەیە د.عمر موحەمەد بەرپرسی نوسینگەی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لە سلێمانی ئامادەی کۆبونەوەکە بوو.