هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: دەستبردن بۆ لابردنی مەنهەجی پەروەردەی ئیسلامی مەترسیدارەو قبوڵ نەكراوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: دەستبردن بۆ لابردنی مەنهەجی پەروەردەی ئیسلامی مەترسیدارەو قبوڵ نەكراوە

رۆژی دووشەممە 27-6-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەشاری سلێمانی لە دیدارێكدا لەگەڵ بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی و ئەنجومەنی شوراو بەرپرسی دەزگاكان كۆبویەوەو تیشكی خستەسەر دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە كە پێویستە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشێوەیەكی هاوسەنگ خزمەت بە كۆمەڵگەی كوردی و پاراستنی ناسنامەی گەلەكەمان و پاراستنی یەكڕیزی و چارەسەكردنی ئاڵۆزییە سیاسیەكان و تێپەڕاندنی گرفتە سیاسیەكان بكات.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: پێویستە یەكگرتووەكان لەسەر ئەو ستراتیژییەی كە لەم قۆناغەدا دیاری كراوە كاری جدیتر بكەن كە ئەولەویەت دانە بە ناوخۆ و بە تۆكمەكردنی ڕێكخستنەكان و ئیصلاحی كۆمەڵگەو جەختیكردەوە كە پێویستە پەرلەمانتارەكانمان و ڕێكخستنەكان و لاوان و قوتابیان و ڕێكخراوەكان ڕۆڵی یاسایی و جەماوەری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تەحەدییەكان ببینن.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئاماژەی دا بە دەنگۆی دەستكاریكردنی بەرنامەی خوێندن و لادانی بابەتی پەروەردەی ئیسلامی لە مەنهەجی خوێندنداو ڕایگەیاند: دەستبردن بۆ ئەم بابەتە مەترسیدارە لەسەر شناس و پێناسەی ئاینی گەلەكەمان و قبوڵ نەكراوەو هیوادارم دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕێگەبگرن لەو جۆرە پیلانە نابەرپرسانەو سەرەئێشەیەكی تر بۆ كۆمەڵگەكەمان زیاد نەكەن.