هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : سەقامگیری و ئەمنیەت و پاراستنی ئەزموونەكە گرنگەو دەستور زامنی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدایە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو : سەقامگیری و ئەمنیەت و پاراستنی ئەزموونەكە گرنگەو دەستور زامنی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدایە

لە درێژەی سەردان و بەسەركردنەوەكانی بۆ دەڤەری بادینان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەرواری (22/6/2022) بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە یاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی سەردانی شاری زاخۆی كردو لەلایەن بەرپرسی مەڵبەندی (13) ی زاخۆو ژمارەیەك لە كارگێڕو ئەندامانی مەڵبەند بە گەرمی پێشوازی كرا.

لە وتەیەكی بۆ كابینەی مەڵبەند لە زاخۆ رایگەیاند : دەستخۆشی لە رێكخستن و ئەندامانی سنوری مەڵبەندی زاخۆ دەكەین لە هەوڵ و خزمەتەكانیان لە دەڤەرەكەو ئاماژەی بەوەدا كە یەكگرتوو هێزێكی مەدەنی و جیاوازەو شوێنێك نیە لەم كوردستانە دەستی خێری یەكگرتووەكانی پێ نەگەیشتبێت لە پەروەردەو خزمەتكردن و بەدەمەوە چوونی هەژاران و كەم دەرامەتان، كادیرانمان لەم دەڤەرە رۆڵی گرنگیان هەیەو دەبێت بەردەوامبن لە خزمەتكردن.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی ناوخۆو عێراق و ناوچەكە كردو جەختی لەوە كردەوە كە باروگوزەرانی هاوڵاتیان خراپەو بێ باكی دەسەڵاتدارانیش هێندەی تر بارودۆخەكەی خراپ كردووە، لە عێراقیش رێكنەكەوتنی لایەنەكان و پێكنەهێنانی حكومەت دۆخەكەی ئاڵۆزكردووەو لەم بارودۆخەش زەرەرمەندی یەكەم هاوڵاتیان و مووچەخۆرانن.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا لەدواین سەردانیان بۆ بەغدا خەمخۆری و قسەی خێریان بۆ هەموولایەك كردووەو هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیان گەیاندووەو پێیان راگەیاندوون كە سەقامگیری و ئەمنیەت و پاراستنی ئەزموونەكە گرنگەو دەبێت بە رێگای دەستور چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدا بكرێت.