هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەگەڵ ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتى گەلان (ھەدەپە) کۆدەبێتەوە

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەگەڵ ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتى گەلان (ھەدەپە) کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢/١٠/٢٠١٦، مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بەیاوەری شوان زەنگەنە ڕێکخەری پەیوەندیەکانی یەکگرتوو لە تورکیا سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتى گەلان (ھەدەپە)ـی کرد.
لە دیدارەکەدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو باسی لە مەبەستی سەردانەکەی کرد، وەکو نرخاندنی سەردانەکەی ئەم دواییەی دەمیرتاش بۆ ھەرێم و خەمخۆریان بۆ دۆخی ناوخۆی ھەرێم، لەگەڵ ئەوەی ھەستیاری دۆخەکە و زەرورەتی ھەماھەنگی و ھاوکاری ھێزە سیاسییەکانی ھەموو پارچەکانی کوردستان و ھەردوو وڵات دەیخوازێ.
ئەمینداری گشتی لە سەرەتاوە ئاماژەی بە نەھامەتییەکانی پاش سایکس بیکۆ و پارچەبوونی گەلانی ناوچەکە و ئاماژەی بە زەرورەتی خەباتی سیاسی و مەدەنی کرد وەک باشترین بژاردەی خەباتی میللی گەلان.
ھەروەک ڕۆڵی ئامادەبوونی ھەدەپەی لە پەرلەمان و ساحەی سیاسی مەدەنی تورکیا بە گرنگ زانی، و سوپاسی ھەدەپەی کرد لەسەر ھەڵوێستەکانی لە ڕەتکردنەوەی کودەتا و ھەر توند و تیژی و پشێویەکی وڵات.
ئەمینداری گشتی دووپاتیکردەوە کە گەلانی ناوچەکە جگە لە بژاردەی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە مافی یەکتر ڕێگەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە، ھەموو ئاڵۆزی و ناحەزییەکی یەکتر دەبێ کاتی و نەخوازراو بێت چونکە دژە بە مێژوو رابردوو ئەم گەلانە و لەگەل کەلتووری دیموکراسی و ژیانی ھاوچەرخ یەکناگرێتەوە.
لە بەرامبەردا بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش سوپاسی سەردانەکەی کرد و بەبایەخەوە نرخاندی و دڵخۆشی حزبەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کورستان، لە ھەمانکاتدا ھەڵوێستەکانی یەکگرتووی لەمەڕ بارودۆخ و ئاریشەکان بەرزنرخاند .
دەمیرتاش باسێکی لە دۆخی ئێستای وڵات کرد و ھەڵوێستی ئاشتیانەی خۆیانی دووپاتکردەوە، وێڕای ڕەتکردنەوەی ھەموو توند و تیژی وکارێکی تێکدەرانە ، وئەمینداری گشتی دڵنیا کردەوە کە ئەوان ئامادەن دەستی ئاشتی درێژ بکەنەوە بۆ ھەموولایەک لەبەر خاتری گەل و وڵات.