کوتلە وەزاریەکان

هەڵەبجەییەكان سوپاسی هەڵوێست و خزمەتەكانی وەزیری گواستنەوە دەكەن

هەڵەبجەییەكان سوپاسی هەڵوێست و خزمەتەكانی وەزیری گواستنەوە دەكەن

نوێنەری هەڵەبجەییەكان لە لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و زانایەكی ئایینی سوپاسی وەزیری گواستنەوەو گەیاندن دەكەن بۆ ئەو خزمەتانەی پێشكەشی بە پارێزگای هەڵەبجە كردوەو داوای چەند پرۆژەیەكیشی لێ دەكەن و وەزیری گواستنەوەش بەڵێنی خزمەتی زیاتر بەو پارێزگایە دەدات و لەنزیكەوە سەردانی بەڕێوبەرایەتیەكان دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان .

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ چوار شەممە 2017/1/4 مولود مراد، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بە وەكالەت پێشوازی كرد لە هەریەكە لە زانای ئایینی مامۆستا مەلا عەبدولباست جەلال، پێشنوێژو وتارخوێن لەشاری هەڵەبجەو هیوا عەبدوڵا، سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە.

نوێنەرانی هەڵەبجە سوپاسی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنیان كرد بەرانبەر بە هەڵوێست و خزمەت و پرۆژەكانی بەو پارێزگایە كە ڕۆڵی سەرەكی بینیوە لە سەرەتای دەستپێشخەری و دەستپێكردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی شارەكەو هەروەها لەگەڵ بوونی هەڵەبجە بەپارێزگا هەرزوو بڕیاری كردنەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی و فەرمانگەكانی وەزارەتەكەی لەو پارێزگایە دەركردو داواشی لە بەغدا كرد كۆدێكی تایبەتی ژمارەی هێڵی پەیوەندی بۆ هەڵەبجە دابندرێت و جێبەجێ كرا .

لای خۆشیەوە مولود مراد، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بەڵێنی دووپاتكردەوە بۆ خزمەتەكانی بە پارێزگای هەڵەبجەو ئاماژەی بەوەكرد كە پارێزگای هەڵەبجە شایەنی زۆرترین خزمەتەو لەساڵی نوێ سەردانی ئەو پارێزگایە دەكاتەوە بۆ بەدواداچوونی كێشەو گرفتی فەرمانبەران و بەڕێوبەرایەتیەكانی وەزارەتەكەی لە پارێزگاكەو لەئێستاشدا لێژنەیەكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ چارەسەری كێشەی هێڵەكانی هاتوچۆو گواستنەوە لە نێوان هەڵەبجەو شارەكانیتر .