ئەمینداری گشتی

ئەمینداری گشتی

ژیاننامەی مامۆستا سەلاحەددین محەمەد بەهائەددین


لە ساڵی 1950 لە شارۆچكەی تەوێڵەی سەر بە هەڵەبجە لە دایك بووە و خوێندنی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە سلێمانی لە ساڵی ( 1968 ـــ 1969) تەواو كردووە ..


هەر لەسەرەتای ژیانیەوە لە خزمەت باوكیدا ( مەلا محەممەد ) كە لە زانایانی ناوداری ناوچەكە بووە پەرەوەردەی ئیسلامی وەرگرتووە و لە ساڵی 1965 وە بەشداری چالاكی و پابەندی بانگەواز و بەرنامەی كۆمەڵەی ( برایانی موسڵمان) بووە ..


هەر لەسەرەتایەوە دەستی نوسین و خوێندنەوە و رۆشنبیری هەبووە و لە ساڵی 1969 یەكەم بەرهەمی بەچاپ گەیاند بەناوی ( لەسەر زمانی گیانداران ) .. پاش ئەو ساڵانە نامیلكە و نوسینی بەردەوام بووە لە بوارەكانی پەروەردە و بانگەواز و هزری ئیسلامیدا .. بەتایبەت لە ساڵەكانی حەفتا چەندین نامیلكەی بەچاپ گەیاند .. پاش وەستانێك لە ساڵەكانی هەشتادا بەهۆی ئاوارەیی و كۆچ و بارەوە .. دیسان لە نەوەدەكانەوە تا ئێستا چەندین بەرهەمی بەچاپ گەیاندووە وەكو ( بێ زمانان دێنە زمان ) و ( محطات سیاسیە ) و ( مەولانای رۆمی ) و ( سەعیدی نورسی ) و ...


هەروەك لە بواری كاری ئیسلامیدا ساڵانێكی زۆر لە 1982 وە وەكو كەسی یەكەم ناسراوە و سەركردایەتی رێكخستنی برایانی كوردستانی كردووە لە تاراوگە و ئاوارەیی ئێران و لەباشوری كوردستاندا..


تا لە 6/2/1994 دا لەگەڵ دەستەیەك لە برایان و خوشكانی چالاكوان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند و لە كۆنگرەی یەكەمدا وەك ئەمینداری گشتی یەكگرتوو هەڵبژێردرا .. لە پێنج كۆنگرەی حزبدا هەڵبژێردرایەوە بۆ ئەو پۆستە .. تا لە كۆنگرەی شەشەمی مایسی 2012 دا بە ویستی خۆی خۆی نەپاڵاوت و سیستەمی ئاڵ و گۆری خۆبەخشانەی ئاشتیانەی داهێنا لە پۆستی كەسی یەكەمی حزبە كوردستانیەكاندا.. لەو 18 ساڵەی ئەمینداریدا بەشداری كارای لە دەیان كۆنگرەی فیكری و سیاسی كرد و بەتایبەت لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی بەعس . پاش روخانی رژێمیش یەكێك بوو لەو 25 كەسایەتی یە عێراقیەی ئەنجومەنی حوكمی عێراقیان پێكهێنا و یەكێك لەو پێنج كەسایەتی یە كوردەی ئەنجومەنەكە..


لە ماوەی ئەو چوارساڵەی دەرەوەی ئەركی برپرسیارەتیدا ( 2012 ــ 2016) رۆڵێكی بەرچاوی لە پرۆسەی ئاشتەوایی و ناوبژیوانی گێرا لە نێوان لایەن و هێزە سیاسیە كوردستانیەكاندا و بەردەوام ئاشتەوایی نیشتمانی و تەبایی و پێكەوە ژیانی لایەنە سیاسیەكان بە فاكتەری سەرەكی پاراستنی ئەزموونی هەرێم و سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان دەزانێ .


هەروەك پرۆسەی رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامیەكانی كوردستان و ئاراستەكردنی تواناكانیان بەرەو یەكریزی و یەك هەڵوێستی بۆ خزمەتی پەیامی ئیسلام و گەل و نیشتمان یەكێكی ترە لە پرۆژە سەرەكیەكانی لەم قۆناغەدا ..


لە كۆنگرەی حەوتەمی حزبدا لە مایسی 2016 بە پێویستی زانی وەڵامی خواستی زۆرێك لە برا و خوشكان بە ئەرێنی بداتەوە و خۆی كاندید بكاتەوە بۆ ئەمینداری گشتی یەكگرتوو .


وتار و پەیامە دەنگی و نوسراوەكانی لەناو ریزەكانی حزبدا بە ئاستێكی بەرز جێگای بایەخ و پەیرەوكردنە . تەمەنی خەبات و رابردووی سەركردایەتی و ئاستی قەبوڵ و خۆشەویستی پێگەیەكی مەعنەوی و كاریگەری بەخشیوەتە پۆست و ئەرك و كەسایەتیەكەی .

 

 پەیجی فەرمی ئەمینداری گشتی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك